شارپرێس:
دوای مانگێک لەنێوەندگیریی ئەمریکییەکان دواجار پارتی دیموکراتی کوردستان ڕازییبوو بەوەی لەماوەی مانگێکدا دوو ڕۆژ دەروازەی سنوریی سێماڵکا بەڕوی ڕۆژئاوای کوردستاندا بکاتەوە، هاوكات پارتى داواكاریهكیشى خستۆتهڕوو، بهڵام ڕۆژئاواى كوردستان زانیارییهكى گرنگى ئاشكراكردوه.
بەگوێرەی پێگەی "مۆنیتۆر"ی ئەمریکی، پارتی تەنها ڕازییبوە بەوەی لەماوەی مانگێکدا دوو ڕۆژی دەروازەکە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەڕوی ڕۆژئاوای کوردستاندا بکرێتەوە، لەهەمانکاتیشدا فەرمانبەرە نێودەوڵەتییەکان کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا کاردەکەن، دەتوانن بەشێوەیەکی بەردەوام دەروازەکە بۆ هاتنو چون بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەکاربهێنن.
مۆنیتۆر ئاماژەی بەوەشکردوە، کردنەوەی دەروازەکە بەهەوڵی چڕو پڕی بەپرسە ئەمریکاییەکانو مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە بوە، بەتایبەت لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان برێت مهکگۆرگی ڕێکخەری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باکوری ئەفریقیاو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، هەروەک کۆبونەوەیەکی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمو مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
پێگە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، یەکێک لەمەرجە سەرەکییەکانی پارتی بۆ کردنەوەی تەواوەتیی دەروازەکە بەڕوی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بریتیی بوە لەپێدانی مۆڵەتی کارکردنی ئەو کۆمەڵە خێرخوازیانەی پارتی پارەیان بۆ دابیندەکات، تاوەکو بەشێوەیەکی فەرمی لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کاربکەن، بەڵام بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایانگەیاندوە، ترسیان هەیە ئەو دەزگایانە لەژێر ناوی کاری خێرخوازیدا سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگری تورک (میت) بکەن.