پارتى له‌دژى یه‌كێتى هاته‌ده‌نگ‌و هۆشداریده‌دات

کوردستان

24/01/2022‌ 6489 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتى دیموكراتى كوردستان له‌دژى كۆبونه‌وه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى هاته‌ده‌نگ‌و وته‌بێژى ئه‌و حزبه‌ش ده‌ڵێت:"دەبێت یه‌كێتى بەرپرسیارێتیی دۆخی ئێستاو دواتری ئەو لێكترازانەی هاتۆتە كایەوە لەئەستۆبگرێت"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "بەیاننامەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی لەبارەی پارتیمان‌و ڕەوشی سیاسیی‌و پرسی سەرۆك كۆمار هەندێ بەلاڕێدابردن‌و بێ ئینسافی تێدابوو".


مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ دوشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەدا، "بەیاننامەكەی ڕۆژی یەكشەممە (23ی كانوونی دوەم)ی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەبارەی پارتیمان‌و ڕەوشی سیاسیی‌و پرسی سەرۆك كۆمار هەندێ بەلاڕێدابردن‌و بێ ئینسافی تێدابوو، بۆیە بەباشیدەزانین ڕای گشتیی كوردستان لەڕاستی‌و دروستیی بابەتەكان ئاگاداربكەینەوە".

باس لەوەشکردوه‌، "دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردوی ئەنجومەنی نوێنەران، لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی بەمەبەستی گەڵاڵەكردنی هەڵوێستێكی هاوبەش‌و یەكخستنی ناوماڵی كوردی‌و دروستكردنی شاندێكی هاوبەش بۆ بەغداو لەپێناو چەسپاندنی داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان، سەردانی هەمولایەنە كوردستانییەكانی كرد، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بوو كۆبونەوەی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی‌و پارتی بەستراو لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆك بارزانی پێشوازی لەبافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كرد".

وتوشیه‌تى:"ئامانجی سەرەكیی ئەو كۆبونەوانە ئامادەكردنی بەرنامەیەكی كوردستانی بۆ دیدی هاوبەش بەرامبەر داهاتوی عێراق‌و داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان‌و تێكڕای پڕۆسەی سیاسی بوو".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ مه‌حمود محه‌مه‌د ده‌ڵێت:"ئێمە مەبەستمان بوو شاندێكی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێكبهێندرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە سەرینەگرت‌و لەپێناو بەدیهاتنی یەكڕیزی لەسەر پێكهاتنی شاندێكی هاوبەشی نێوان پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتین بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتنە سەرەتاییەكان بگەنە قۆناغی ڕێككەوتنی سیاسی، بۆیەش شاندی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بەسەرۆكایەتیی عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی سەردانی بەغدایان كردو زنجیرەیەك كۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی ئەنجامدا، بەڵام بەداخەوە بۆمان ڕونبۆوە كە نوێنەرانی یەكێتیی بەشدار لەشاندە هاوبەشەكە ڕوانگەیەكی ڕونیان نییەو توانای بڕیاردانیشیان لەمەڕ پرسەكان نەبوو، جگە لەوەش بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارتی لەشاندە هاوبەشەكە كشانەوە".

وته‌بێژى پارتى باسى له‌وه‌شكردوه‌، "لەبارەی دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانیش كە پێویستبوو هەمولایەك پابەندی هەنگاوە دەستورییەكان بن، فراكسیۆنی یەكێتیی سەرباری ئامادەبونی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان، دانیشتنی تایبەت بەهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانى جێهێشت، هەر ئەوەش یەكەم هەنگاوی فراكسیۆنی یەكێتی بوو بۆ تێكدانی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان لەناو ئەنجومەنی نوێنەران".

وتەبێژی پارتی دەشڵێت:"لەبارەی بابەتی سەرۆك كۆماریش دوپاتیدەكەینەوە كە ئەو پۆستە ئیستحقاقی گەلی كوردستانەو تەنها موڵكی لایەنێك یان كەسێكی دیاریكراو نییە، هەر بەپێی ئەو بنەمایەش دەبێ تەنها كاندیدێك دیاریبكرێت كە ڕەزامەندی‌و پاڵپشتیی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی لەسەربێت، بەڵام یەكێتی بەردەوام بوو لەسەر پێداگریی خۆی بۆ كاندیدكردنی كەسێك ئەویش لەدەرەوەی ڕەزامەندیی ناوماڵی كوردیی‌و پۆستی سەرۆك كۆماریشی وەك ئیستحقاقێکی تەواو حزبی سەیر كردوەو لەڕوانگەیەكی تەواو حزبیانە كاری بۆ كردوە نەك نیشتیمانیانە".

لە کۆتاییدا هۆشداریده‌دات‌و ده‌ڵێت:"پێویستبوو یەكێتی لەبارەی بابەتی سەرۆك كۆمارو یەكڕیزیی ناوماڵی كوردیی وردترو نیشتیمانیتر هەڵسوكەوتی كردباو دەبێ بەرپرسیارێتیی دۆخی ئێستاو دواتری ئەو لێكترازانەی هاتۆتە كایەوە لەئەستۆبگرێت".