ئاڵا تاڵەبانی: شتێك نەماوە بەناوی نێوماڵی كوردییەوە

کوردستان

23/02/2022‌ 2829 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئەندامێكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هیچ كاتێك وەك ئەم كاتە نەمبینیوە كە شتێك نەماوە بەناوی ناوماڵی كوردی و دەڵێت: پارتی ڕێكەوتنی لەگەڵ سەدردا كردووە بەبێ ئاگاداری هیچ لایەنێك و تەنانەت پەرلەمانی كوردستانیش.

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیڕاق بە شارپرێسی وت: هیچ كاتێك دۆخی سیاسی عێراق و نێوان پێكهاتە و نەتەوەكان ئەوەندە خراپ نەبووە و تەنانەت لایەنەكان بڕیارەكانی دادگای فیدرالێشیان پێ قبوڵنییە، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو لێكترازانەیە لە عێراق دروستبووە و كاریگەری لەسەر هەرێمیش كردووە.

تاڵەبانی وتیشی: نەبوونی بەرنامە و ئەو فەزایەی ئێستا هەیە و ئەو گۆڕانكارییانەی  لە بیری لایەنەكاندا هاتووە بۆ بەرێوەبردنی عێراق، كە باسی زۆرینەی سیاسی و هەمواری دەستور دەكرێت بە جدی و ئەمانەیش كاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی كردووە.

لەبارەی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵییەوە وتی: نابێت بڕیارێك دەردەكات و ڕێزی نەگرین و چەندین بڕیاری دەركردووە و ڕێزی لێگیراوە و ناكرێت بڕیارێك دەدرێت لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسی نییە تانەی لێبدرێت.

سەبارەت بە دۆخی نێوماڵی كوردی دەڵێت: لە چوار خولی ڕابردوودا لە پەرلەمانی عیراقدا بووم، هیچ كاتێك وەك ئەم كاتە نەمبینیوە كە شتێك نەماوە بەناوی ناوماڵی كوردی، یەكگرتوویی نێوماڵی كوردی دەبێت پێشتر لەناو كوردا هەبێت پێش ئەوەی بچین بۆ بەغدا، پێشتر ئەگەر لە هەرێم جیاواز بووبوین لە بەغدا یەك دەنگ بووین.

ئەوەشی خستەڕوو، پارتی ڕێكەوتنی لەگەڵ سەدردا كردووە بەبێ ئاگاداری هیچ لایەنێك و تەنانەت پەرلەمانی كوردستانیش ئاگادرنەبووە، پارتی ڕێككەوتنی كردووە بۆ هەموراكردنەوەی دەستور كەپرسێكی گەورەی چارەنوس سازە.
س.س