زانایان بەڵگەی نوێیان لەسەر بوونی ژیان لەگەردووندا دەستکەوت

هەمەڕەنگ

25/04/2022‌ 1114 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زاناکان دەڵێن بەڵگەی نوێیان لەسەر بوونی ژیان لەسەر مانگی یەکێک هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆردا دۆزیوەتەوە، کە دەکرێت وەک ئاماژەی بوونی ژیان لەو شوێنە هەژمار بکرێت.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانایانی زانکۆی "ستانفۆرد"ی ئەمریکی، لەسەر مانگی "ئەوروپا"ی سەر بە هەسارەی مووشتەری گۆمە ئاوی سوێر لەژێر زەویەکەدا بوونی هەیە. دەشڵێن ئەو گۆمە ئاوە ژێر زەویانە دەکرێت جێگای گونجاو بن بۆ گەڕان بەدوای نیشانەکانی ژیان لەدەرەوەی هەسارەی زەویی.

جگەلەوەی زاناکان دەڵێن ئەو گردە زەبەلاحە هاوتەریبانەی بەسەدان میل لەسەر ڕووی مانگی ئەوروپا دروێژبوونەتەوە، تاراددەیەکی زۆر خەسڵەتەکەنیان لەڕووە دۆزراوەکانی سەر ڕوپۆشی سەهۆڵینی گرینلاند دەچێت.

لێکۆڵینەوەکە وتویەتی: ئەو گیرفانە ئاویانەی بەسەر هەموو خاکی مانگی ئەوروپادا بڵاوبۆتەوە، یارمەتیدەرە لەباشکردنی ماددە کیمیاییە پێیوستەکان بۆ درووستبوونی ژیان.

مانگی ئەوروپا پانییەکەی 2000 میل دەبێت، کە ئەوەش زۆر بچووکترە لەمانگی هەسارەی زەویی، لێکۆڵینەوەکانیش سەلماندوویانە کە لەقوڵایی 40 بۆ 100 دا ئاوی ژێر زەویی هەیە.

دەشوترێت کە هەرچەندە ڕووبەری مانگەکە چواریەکی رووبەری زەوییە، بەڵام دوو ئەوەندەی هەموو ئاوی سەر زەویی بەدەریاو زەریاکانی لە خۆگرتووە.

و: ئاکۆ ئاڵی