ڕۆژنامه‌ى ستارى توركیا: سەرکردایەتیی هەرێم دژى په‌كه‌كه‌ هاوكاریی توركیا ده‌كه‌ن

کوردستان

26/04/2022‌ 2275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکە سەرەکییەکانی قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵی سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەیەکی تورکی پلانێکی نوێی سوپای تورکیا هێزەکانی لەناو خاکی هەرێم ئاشکرادەکات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "بەرپرسانی هەرێم هاوکاری تورکیان لەهێرشەکانی سەر پەکەکە".



ڕۆژنامەی "ستار"ی تورکی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، سوپای تورکیا نیازی نییە هێزەکانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بکێشێتەوە، بەڵکو دەیەوێت لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا بەقوڵاییەکی زیاتر بێتە ناو خاکی هەرێم‌و بنکەو بارەگای نوێی سەربازیی بونیادبنێت.

ڕۆژنامە تورکییەکە باسی لەوەکردووە، سوپای تورکیا دەیەوێت لەقوڵایی 50 بۆ 60 کیلۆمەتری ناو خاکی هەرێمی کوردستان بنکەو بارەگای نوێی سەربازیی بەشێوەی کاتیی دروستبکات.

جەختیشیکردۆتەوە، ئەو هێزانە تاوەکو کۆتاییهاتنی یەکجارەکیی مەترسیی هێزەکانی پەکەکە ناوچەکە چۆڵناکەن.

ڕۆژنامەی ستار جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ش، "سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لەبەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستاندا هاوکاریی سوپای تورکیا دەکەن".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ ڕۆژنامەی "سەباح"ی تورکی له‌هه‌واڵێكدا کە پشتی بەزانیارییەکانی سوپای تورکیا بەستووە ئه‌وه‌ى ئاشكراكردووه‌، پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای تورکیا، ژمارەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) لەزنجیرە چیای قەندیل نزیکەی سێ هەزار گەریلا بووە.

دوێنێ دووشەممە خڵووسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای تورکیای لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دژ بەگەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕاگەیاندو ئاشکرایکرد، لەو ئۆپەراسیۆنەدا، 56 گەریلای پەکەکە شەهید کراون.

هه‌ر دوێنێش هێزه‌كانى پاراستنى گه‌ل (هه‌په‌گه‌) له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ شارپرێس نێردراوه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دابوو، شەوی17ی ئەم مانگە، سوپای توركیا هێرشی زەمینی، بۆسەر چیای كوڕەژارۆ، زاپ، مەتیناو ئاڤاشین لەئامێدیی دەستپێكرد، ئەوەش لەكاتێكدابوو لە15ى ئه‌م مانگەوه‌ هێرشی ئاسمانیی بۆسه‌ر ئەو ناوچەیە دەستپێكردبوو.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ هه‌په‌گه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "هێرشه‌كه‌ى 17ى ئه‌م مانگه‌ هێرشێکی بەفراوانی داگیرکاریی بوو كه‌ لە(زاپ‌و ئاڤاشین)ه‌وه‌ دەستى پێکردو هێرشێکی ئاساییش نییە، بەڵکو شەڕێکی گەورەیە لەئاستی شەڕی نێوان دوو دەوڵەتدا".