دەست بە تاقیکردنەوەی حەبی دژە سکپڕی پیاوان دەکرێت

تەندروستی

29/04/2022‌ 413 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

زاناکانی سەر بە زانکۆی مینیسۆتای ئەمەریکی ڕایانگەیاند، تاقیکردنەوە کلینیکییەکان لەسەر حەبی دژە سکپڕی تایبەت بە پیاوان لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا دەستپێدەکات، ئەویش دوای ئەوەی تاقیکردنەوەکان لەسەر مشکی تاقیگەیی سەرکەوتوو بوون.


زاناکانی زانکۆ ئەمەریکییەکە ئاشکرایان کردووە، کە حەبی ناهۆڕمۆنی دژە سکپڕی کە ناونراوە بە YCT529، بەڕێژەی لەسەدا 99 سەکەوتوو بووە لە ڕێگریکردن لە سکپڕبوونی ئەو مشکانەی بۆ تاقیکردنەوە بەکارهێنراون، ئەمەش هەمان ئەو کاریگەرییەیە کە حەبی دژە سکپڕی تایبەت بە ئافرەتان هەیەتی.

باس لەوەشکراوە، کە حەبەکە هیچ جۆرە کاریگەرییەکی لاوەکیی روونی لەشێوەی زیادبوونی کێشی جەستە و هی تری نەبووە، هەروەک نێرینەی مشکەکان لەدوای چوار بۆ شەش هەفتە لە دەستهەڵگرتن لە خواردنی حەبەکان دووبارە توانای وەچەخستنەوەیان بۆگەڕاوەتەوە.

لەوبارەیەوە، عەبدوڵڵا نوعمان، پسپۆڕی بواری پزیشکی دەرمانسازیی و توێژەری بەشدار لەپەرەپێدانی دەرمانەکە وتی: ویستومانە هۆکارێکی دژە سکپڕی ناهۆڕمۆنی بۆ ڕەگەزی نێرینە پەرەپێبدەین کە هیچ جۆرە کاریگەریەکی لاوەکیی وەک زیادبوونی کێش و خەمۆکی و زیادبوونی کۆلیسترۆڵی لەگەڵدا نەبێت.

کۆمپانیای درووستکەری دەرمانەکە دەشڵێت: ئامانجمانە شۆڕشێک لەبواری هۆکارەکانی ڕێگریکردن لە سکپڕبوون درووست بکەین و جەختیشی کردووەتەوە، کە داوا لە ئیدارەی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکی دەکەن مۆڵەتی دەستپێکردن بە تاقیکردنەوە کلینیکییەکانی دەرمانەکەیان پێبدات.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی