تەندروستی عێراق هۆشداریی لە بەڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە دەدات

عیراق

01/05/2022‌ 808 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی تەندرووستیی عێراق هۆشداریی لە بەڵاوبوونەوەی نەخۆشیی "تای خوێنبەربوون"داوە کە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو زۆر بڵاو بووە و دواتر نەماوە، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوو جارێکی تر دەستی بە بڵاوبوونەوە کردۆتەوە.

ڕیاز حەلەفی بەڕێوەبەری گشتیی تەندرووستیی لە وەزارەتی تەندرووستیی عێراق لەلێدوانێکدا بە رۆژنامەی "سەباح"ی حکوومیی راگەیاندووە: نەخۆشیی تای خوێنبەربوون کە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو زۆر بڵاوبووە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوو جارێکی تر دەستی کردۆتەوە بە بڵاوبوونەوە، بەشێوەیەک لە ساڵی 2019 دا 20 حاڵەت و لەساڵی 2020 نزیکەی 19 حاڵەت و لەمساڵیشدا 18 حاڵەت تۆمارکراوە، جگە لەوەی لەمساڵدا لە پارێزگای زیقاڕ 4 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە، هەروەک چەند حاڵەتێکی تری گیان لەدەستدان لە پارێزگاکانی دیوانییە و نەجەف و موسەنناش تۆمارکراوە.

حەلەفی هەروەک وتویەتی: هیچ چارەسەر یان ڤاکسێنێکی سەرکەوتوو دژ بە نەخۆشییەکە نییە، ئەوەی هەیە بریتییە لە پێدانی ئەو دەرمانانەی دەبنە هۆی پاراستنی ئاماژەکانی ژیان لای کەسی تووشبوو، هۆشداریشیداوە لەوەی لەکاتی قۆناغە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکە پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکرێت بۆئەوەی بتوانرێت گیانی کەسەکە رزگار بکریت، بەوپێیەی پشتگوێخستنی دەبێتە هۆی مردنی کەسەکە.

باسی لەوەشکردووە کە نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکە لەسەرەتادا بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی و بێهێزیی و بوونی ئازار لە تەواوی جەستە و بەتایبەتی لە سکدا.

دەشڵێت ئەگەری گیان لەدەستدان بەنەخۆشییەکە دەگاتە لەسەدا 40، هەربۆیە جەختی کردۆتەوە لە گرنگیدان بە پاکوخاوێنی کەسیی و جیاکردنەوەی چەقۆی تایبەت بە گۆشت بڕین و کڕینی گۆشت لەو جێگایانەی بەفەرمیی مۆڵەتی سەربڕینی ئاژەڵیان هەیە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی