پسپۆڕان وەڵامدەدەنەوە.. ئایا گریمانەی بەکارهێنانی چەکی ناوەکیی لەلایەن ڕوسیاو ناتۆ دژ بەیەکتر هەیە؟

جیهان

05/05/2022‌ 1482 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "گازێتا رو"ی ڕوسیی بابەتێکی لەسەر مەترسییەکانی بەکارهێنانی چەکی ناوەکیی لەلایەن ڕوسیاو وڵاتانی ناو هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی (ناتۆ) دژ بەیەکتر بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردووە، لەدوای هێرشی سەربازیی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیاو دووبارەکردنەوەی هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەو چەکە لەلایەن بەرپرسانی ڕوسیاو وڵاتانی ڕۆژئاواوە، ئێستا پرسیاری ئەوە دێتەگۆڕێ کە ئایا لەڕاستیدا مەترسیی ئەوە هەیە کە ئەو دوو لایەنە ڕکابەرە پەنا بۆ بەکارهێنانی بۆمبی ناوەکیی ببەن.


لەبابەتەکەی ڕۆژنامە ڕوسییەکەدا هاتووە، قوستەنتین بلوخین توێژەر لەناوەندی لێکۆڵینەوە ئەمنییەکانی سەر بەئەکادیمیای زانستە ڕوسییەکان وتویەتی، پێناچێت ئاستی گرژییەکانی نێوان ڕوسیاو ناتۆ بگاتە ئاستی بەکارهێنانی چەکی ناوەکیی، بەڵکو ئەو پێیوایە ئەو لێدوانانەی لەوبارەیەوە دەدرێن تەنها وەک ڕەگەزێکی گوشارکردن لەدژی بەکتر بەکاردەهێنرێن.

بلوخین هەروەک وتویەتی:"ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە هیچ کەس نایەوێت لەبەکارهێنانی چەکی ناوەکیی دەستپێشخەریی بکات، لەبەرئەوەی ئەگەربێت‌و ئەو چەکە بەکاربهێنرێت ئەوە دوایین جەنگی مێژووی مرۆڤایەتیی دەبێت، سەبارەت بەڕوسیا کاتێک ئەو چەکە بەکاردەهێنێت کە هیچ دەرفەتێکی تری مانەوەی بەدەستەوە نەمێنێت‌و هێزەکانی دوژمن بگەنە بەر دەرگای مۆسکۆ.

هەروەک لای خۆیەوە لیوا پاڤێڵ زلوتاریڤ جێگری سەرۆکی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان‌و کەنەدا لەئەکادیمیای زانستە ڕوسییەکان باسی لەپێویستی بەجدی وەرگرتنی ئەو لێدوانانە کردووە کە باس لەبەکارهێنانی چەکی ناوەکیی دەکەن.

زلۆتاریڤ وتویەتی:"هیچکام لەلایەنە ڕکابەرەکان ئەو دۆخەیان دیارینەکردووە کە دەکرێت تێیدا دەوڵەت پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی ناوەکیی بەرێت، هەربۆیە تاوەکو نادڵنیایی لای لایەنەکان زیاتربێت، ئەوە مەترسیی پەنابردنەبەر ئەو چەکە زیاتر دەبێت.

بەپەلە