شارپرێس:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى تەندروستی هەولێر ئاشكرایده‌كات، حاڵەتێکی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەیە، به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانیش، ئەوکەسەی گومانی لێدەکرێت تای خوێنبەربوونی بێت منداڵێکی تەمەن دوو ساڵانە.
د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا كه په‌یامنێرى شارپرێس ئاماده‌یبوو ڕايگه‌یاند، نەخۆشێک لەهەولێر هەیە كه گومانی لێدەکرێت تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت.
به‌وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى هه‌ولێر، ئەوکەسەی گومانی لێدەکرێت تای خوێنبەربوونی بێت، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵانەو دواتریش زانیاریی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه ئاشكراده‌كه‌ین.
د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاشكرایكرد، "سه‌مپڵى خوێنى نه‌خۆشه‌كه ڕه‌وانه‌ى به‌غدا كراوه بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیابینه‌وه ئاخۆ په‌تاى خوێنبه‌ربوونه یان نا".
18 كاتژمێر له‌مه‌وبه‌ریش، سەرچاوەیەک لەڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک ئاشكرایكردبوو، ئەوکەسەی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر توشی تای خوێنبەربون بوو، نیوەڕۆی دوێنێ گیانی لەدەستدا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدابوو، تەرمی توشبووەكە شۆردراوەو لەچاوەڕوانی تیمی پزیشكی دادن بۆ هەڵگرتنەوەو دواتر ناشتنی تەرمەكە.
ئەو هاوڵاتییەی بە تای خوێنبەربون گیانى له‌ده‌ستدا، تەمەنی 47 ساڵەو قەسابی گەڕۆك بووە، پێنج ڕۆژ بوو لەنەخۆشخانەی ئازادی لەژێر چاودێری تەندروستیدا مابووەوە.
تای خوێنبەربوون، یەكێكە لەنەخۆشییە ڤایرۆسییەكان‌و بەشی زۆری لەئاژەڵاندا دەردەكەوێت‌و بەڕێگه‌ی جیاواز دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، تائێستاش لەئاستی دونیادا چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسیە نەدۆزراوەتەوە.
مێژووی یەكەمین تۆماركردنی ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1931 لەوڵاتی كینیا لەكیشوەری ئەفریقا، ساڵى 2018ش یه‌كه‌م حاڵه‌تى ئه‌و نه‌خۆشیه له‌شارۆچكه‌ى خه‌لیفانى سنورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران تۆماركرا.
له‌هه‌مان ئه‌وساڵه‌ش واته 2018، زانا عەبدۆ كە پزیشكێكی خولاوی دەوروبەری شاری موسڵە ئاشكرایكرد، نەخۆشیی تای خوێنەبەربوون لەسنووری پارێزگای موسڵ چوار حاڵەتی لێ تۆماركراوە.
ش.هـ