گەنجێکی هەڵەبجەیی زمانی کوردی دەخاتە لیستی زمانە جیهانیێەکانی کۆمپانیای گۆگڵەوە

هەمەڕەنگ

12/05/2022‌ 837 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆکان جاف کە کوڕەگەنجێکی شاری هەڵەبجەیەو دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراقە؛ لەمبارەوە ئاماژە بەوە دەدات، سوپاس بۆ خودای گەورە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو بەشەونخۆنی و هەوڵدانی بەردەوام، توانیم زیاتر لە یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار داتا داخڵی سیستەمی کۆمەڵەی گووگڵ بکەم لە ڕێگەی چەند هەژمارێکی جیاوازەوە.

دەشڵێت؛ لەمکارەیدا نوسینگەی گووگڵ لە وڵاتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یابان، هیندستان دەورێکی باڵایان بینی لە پرۆسەی زیادکردنی زمانی کوردیی ناوەندی بۆ گۆگڵ تا زمانی سۆرانی وەک زمانێکی جیهانی چیدی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

بۆکان جاف لەبارەی داتا داخڵکراوەکانی بۆ گۆگڵ هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، زمانی کوردی سۆرانی خاوەنی دوو ملیۆن و پێنج سەد و پەنجا هەزار داتایە و پلەی یەکەمی ڕیزبەندی وەرگرتووە لە کۆی 127 زمانی جیهاندا.

لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئەم پڕۆژەیەشی بۆکان حەسەن جاف ڕونیکردەوە، کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا پاڵپشتیکردنی ئەم پڕۆژەیەمی کردووە تا ئەوەی پەیوەندی  لەگەڵ تیمی ئەندازیارانی گووگڵدا دروستبکەم.

لەبارەی ڕاگەیاندنی زمانی سۆرانی وەک زمانی فەرمی لەکۆمەڵەی وڵاتانی گۆگڵدا لەشەوی ڕابردوودا هەروەها دەڵێت؛ شەوی ڕابردوو شەوێکی مێژوویی بۆ هەموو گەلی کوردبوو، چونکە لە شاشەی کۆنگرەی ساڵانەی گووگڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "زمانی کوردی سۆرانی" پیشانی هەموو جیهان درا و بەهای فەرمی پێدرا، بۆیە پیرۆزبایی لەهەموو کوردزمانێک لەهەموو جیهاندا دەکەم و هەموان بەم هەنگاوەم دەتوانم دڵخۆشبکەم.

زیادکردنی زمانی کوردی سۆرانی بۆ گۆگڵ لەکاتێکدایە،  لەئاستی حکومەت و بەرپرسانی فەرمی حکومەت هیچ بەیاننامەو دەستخۆشییەکی فەرمی لەم کوڕە داهێنەرەی هەڵەبجە تا ئێستا نەکراوەو سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش بە تویتێک لەواڵی تایبەتی خۆی دەستخۆشی لە کۆمپانیای گۆڵ بۆ ئەم هەنگاوە کرد و ناو  داهێنەرە هەڵەبجەیەکەشی نەهێنا.

ئا: یاسین نادر