شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی ئەوروپیی ناسنامهى ئهوكهسانه ئاشكرادهكات كه لهعێراق بازرگانیى بهمادهى هۆشبەرەوه دهكهن، جهختدهكاتهوه، "ههموو ئهوانه کەسانی دەستڕۆیشتوون".
پێگەی "یۆرۆ نیوز"ی ئەوروپیی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، ئەوکەسانەی لەعێراق بازرگانیی بەمادە هۆشبەرەکانەوە دەکەنو هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو مادە مەترسیدارەن، کەسانی دەستڕۆیشتووی ناو پارتە سیاسییو گرووپە چەکدارییەکانن، نەوەک کەسانی ئاسایی.
لەبابەتەکەی یۆرۆنیوزدا هاتووە، "لەکاتێکدا پێشتر عێراق تەنها وەک ڕێگایەک بۆ گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان بەرەو وڵاتانی تر بەکاردەهات، بەڵام لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا ئەو مادەیە لەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بڵاوبۆوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە دەزگا ئەمنییەکان بەوپەڕی تواناوە خەریکی بەرەنگاربوونەوەو بەدواداچوونی سەرەداوەکانی ئەو دۆسیە ئاڵۆزەن".
پێگەکە لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقییەوە گواستوویەتییەوە کە وتویەتی:"لەماوەی ئەمساڵدا 13 کەسمان لەسەر بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکان دەستگیرکردووە کە تێیاندا بووە ناسنامەی فەرمیی حکوومیی پێبووە، هەروەک هەندێکیان سەر بەگرووپە چەکدارییە دەستڕۆیشتووەکان بوون".
جەختیشیکردۆتەوە، "ئێستا بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکان سەرچاوەیەکی گرنگی دەستکەوتنی پارەیە بۆ پارتە سیاسییەکان، بەتایبەت ئەوانەی میلیشیای چەکدارییان هەیە".
دەشڵێت:"بەشێکی زۆر لەهەوڵی هێزە ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەکە بەفیڕۆ دەچێت، بەهۆی ئەوەی زۆرێک لەوانەی لەسەر بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکان دەستگیردەکرێن لەژێر گوشاری پارتە سیاسییەکاندا ئازاددەکرێنو هیچ سزایەکیان بەسەردا ناسەپێنرێت".
لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "ڕێگاکانی قاچاخچێتیی بەو مادەیە هەمەچەشنو بەدرێژایی سنوورەکان دەکرێت، بەتایبەت لەڕێگای دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان لەگەڵ ئێرانو لەڕێگای هۆڕە پانو پۆڕەکانی پارێزگای میسانو بەسرە، جگەلەوەی مادە هۆشبەرەکان لەڕێگای سوریاو ئوردنو لوبنانو بیابانی ئەنبارەوە دەهێنرێتەوە ناو عێراقەوە".
دەشڵێت:"دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان کە بەگشتیی لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانی سەر بەپارتە سیاسییەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە ڕێگایەکی باشە بۆ هێنانی مادە هۆشبەرەکانو بازرگانییەکی باشو پڕقازانجیشە بۆ سیاسیە گەندەڵەکان، ئەوەش لەکاتێکدا بێکارییو نالەباری دۆخی ئابوورییو چەندین فاکتەری تر هۆکاری بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانن لەناو گەنجانی عێراقدا".