کۆتایی بێدەنگی.. تاران ڕاستیی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرادەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1861 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکاتێکدا کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران‌و ئەمریکا لەلوتکەدایە، گەمەیەکی دیپلۆماسی ئاڵۆز لەپشت پەردەکانەوە بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ دوشەممە ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەلێدوانێکی فەرمیدا، بونی هەر جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتۆن ڕەتکردەوە.


دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكى ئه‌مربكا شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەشێوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران لەدانوستاندایەو بەرەوپێشچونی باشیان بەدەستهێناوە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەم لێدوانانەی بەنادروست وەسفکردو جەختیکردەوە کە هیچ دانوستانێکی ڕاستەوخۆ نەکراوەو ته‌نها پەیام لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە گەیشتون کە باس لەئارەزوی واشنتۆن دەکەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ.

ماوه‌یه‌كه‌ ئیسلام ئاباد بوەتە چەقی جوڵە دیپلۆماسییەکان، پاکستان ڕایگەیاندوە، ئامادەیە میوانداریی گفتوگۆکانی نێوان هەردولا بکات، جگە لەپاکستان، وڵاتانی وەک تورکیا، میسر، عومان‌و قەتەر، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لەگواستنەوەی پەیامەکان بۆ ڕێگریی لەپەرەسەندنی زیاتری جەنگ.

به‌گوێره‌ى سەرچاوە هەواڵییەکان، ئەمریکا پڕۆژەیەکی 15 خاڵیی بۆ ئاشتی پێشکەش بەتاران کردوە، ئێران ئەم پێشنیازانەی بەناواقیعی‌و لەڕادەبەدەر وەسفکردوەو لەبەرامبەردا پلانێکی پێنج خاڵیی پێشکەشکردوە کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت، داخستنی هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوچەی کەنداو، پێدانی قەرەبوی جەنگ بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، دانانی ڕێکخستنی نوێ بۆ گەروی هورمز کە مافی زیاتر بداتە ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی کەشتییەکان.

لەکاتێکدا ترەمپ ماوەی 10 ڕۆژی (تا 6ی نیسانی 2026) دیاریکردوە بۆ ئەوەی ئێران گەروی هورمز بکاتەوە یان ڕوبەڕوی وێرانکردنی وێستگەکانی وزە ببێتەوە، تاران جەخت لەسەر بەرگریی دەکاتەوە، ئەم دۆخەش نیشانیدەدات کە ناوچەکە لەنێوان دوو بژاردەدایە، یان گەیشتن بەڕێککەوتنێکی نوێ لەڕێگەی نێوەندگیریی وڵاتانی سێیەمەوە، یان پەرەسەندنی زیاتری ململانێ سەربازییەکان کە کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر ئابوریی جیهان‌و نرخی نەوت دەبێت.