دادگاى فیدراڵى وه‌ڵامى سه‌رۆك كۆمار ده‌داته‌وه‌ په‌رله‌مانتارێكى پارتیش زانیاریی ئاشكراده‌كات

کوردستان

15/05/2022‌ 12982 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق وه‌ڵامى نوسێكى سه‌رۆك كۆمار ده‌داته‌وه‌ له‌باره‌ى شێوازى به‌ڕێوه‌بردنى وڵات‌و بڕیاره‌كانى حكومه‌تى عێراق، دادگاكه‌ ده‌ڵێت:"حکومەتی ئێستا کاربەڕێکەرەو ناتوانێت هەموو بڕیاڕێک بدات"، په‌رله‌مانتارێكى پارتیش له‌كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هه‌ڕه‌شه‌ى ملیشیاو وه‌زیرى نه‌وتى عێراقیش دەکەونه‌ دۆخی ئیفلیجبوونەوە".


لەوه‌ڵامی نوسراوێکی سەرۆک کۆماری عێراق دادگای فیدراڵی به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه‌، "حکومەتی ئێستا کاربەڕێکەرەو ناتوانێت هەموو بڕیاڕێک بدات‌و لەنێو ئەوانەشدا ئەو بڕیارانەی كە هۆكارو پاڵنەری سیاسییان هەیە‌و كاریگەری گەورەیان لەسەر ئایندەی سیاسی‌‌و ئابوری‌‌و كۆمەڵایەتی عێراق هەیە".

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر داوای ژمارەیەك لەئەندامانی پەرلەمان، نوسراوێكی ئاڕاستەی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە، لەو نوسراوەدا سەرۆك كۆمار داوادەكات، دادگا لێكدانەوە بۆ دەستەواژەی "حكومەتی كاربەڕێكەری ڕۆژانە" بكات كە لەمادەی (64/دووەم)ی دەستوردا هاتووە، له‌وه‌ڵامیشدا دادگای باڵای فیدراڵی كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە لەعێراق، ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، حكومەتی ئێستای كازمی كە كاربەڕێكەرە بۆی نییە پڕۆژەیاسا پێشكەشبكات یاخود قەرزبكات‌ یاخود خەڵك لەپۆستی باڵا دابنێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی ئەندامى لیژنەی دارایی‌و کاروباری ئابووری له‌پەرلەمانى كوردستان له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:"لەچوارچێوەی ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی تەواوی ئەو هەڕەشەو هێرشانەی وەزیری نەوتی عێراق لەسەر پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت‌و فرۆشتنی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوەو هەموو ئەو هەوڵانەی کە باس لەهێرشی گروپە میلیشیاکان دەکرێت بۆسەر چەند بیرە نەوتێک دەکەوێتە دۆخی ئیفلیجبوونەوە".

ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، "چونکە داواکارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق جگەلەوەی بڕیارێکی تەواو سیاسییە، هەروەها کاریگەری لەسەر قوتی شەش ملیۆن هاوڵاتی هەرێم دروستدەکات کە ئەمەش دۆخی ئابووری‌و سیاسی‌و کۆمەڵایه‌تی عێراق دەخاتە قۆناغێکی سەختەوە".

لەوه‌ڵامه‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى بۆ نووسراوه‌كه‌ى د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق دادگاكه‌ جەختیكردۆته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، "ناتوانرێت هیچ دەسەڵاتێک بەکاربێت کە ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمەڵایەتی، هاوكات حكومەتی كاربەڕێكەر بۆی نییە قەرزبكات‌و پڕۆژەیاساش پێشكەشبكات".

بۆ ئه‌وه‌ش په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى پارتى نوسیویه‌تى:"لەم سۆنگەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی بەڵگەیەکی یاسایی دەبێت کە هەرێم لەفرۆشتنی نەوتی خۆی بەردەوامبێت‌و حکومەتی کاربەڕێکەریش ناتوانێت ئەو بڕیارەی پێشوتری دادگای فیدراڵی لەسەر فرۆشتنی نەوت داویەتی جێبەجێبکات‌و پێویستە چاوەڕێی دەستبەکاربوونی کابینەی ئایندەی عێراق بکرێت بۆ چارەسەر کردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەردوو حکومەت".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى وه‌ڵامه‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى بۆ سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌باره‌ى حكومه‌تى ئێستاى عێراقه‌وه‌ هاتووه‌، "حكومەتی كاربەڕێكەری ڕۆژانە بەو حكومەتە دەوترێت كە لەحكومەتێكی سروشتییەوە بەتەواوی دەسەڵاتەكانییەوە گۆڕاوە بۆ حكومەتێك كە دەسەڵاتەكانی سنورداربێت، ئەمەش لەدوو حاڵەتدا پێكدێت، یه‌كه‌میان: وەرگرتنەوەی متمانە لەسەرۆك وەزیران تا كاتی دروستكردنی ئەنجومەنێكی وەزیرانی نوێ، بەگوێرەی ماددەی (61/ هەشتەم)ی دەستور، دوەمیش: لەحاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان) بەگوێرەی ئەوەی لەمادەی (64/یەكەم)ی دەستوردا هاتووە".

لەبارەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی كاربەڕێكەری ڕۆژانەشه‌وه‌ دادگای باڵای فیدراڵی ئاماژەى به‌وه‌كردووه‌، "ئەم حكومەتە بڕیارو ڕێوشوێن دەگرێتەبەر كە بۆ بەردەوامیدانن بەكاروباری دامەزراوە گشتییەكان‌و بەردەوامیدان بەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری".

ته‌ئكیدیكردۆته‌وه‌ كه‌ ئەمە ئەم بڕیارانە ناگرێتەوە، بۆ نمونه‌، "ئەو بڕیارانەی كە هۆكارو پاڵنەری سیاسییان هەیە‌و كاریگەری گەورەیان لەسەر ئایندەی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتی عێراق هەیە، پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسا، قەرزكردن، دانان‌و لابردن لەپۆستە باڵاكانی دەوڵەت، داڕشتنەوەی پەیكەری وەزارەت‌و فەرمانگەكان".

حەوت مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەعێراق تێپەڕبووه‌، به‌ڵام تائێستا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتووە، ئەنجامی هەڵبژاردنیش ته‌واوى لایەنە سیاسییەكانی دابەشكردووە بەسەر دوو بەرەی ناكۆكی ناو ماڵی شیعەدا، حكومەتی ئێستای عێراقیش كە مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات، حكومەتێكی كاربەڕێكەرە، چونكە ئەو پەرلەمانەی كە ئەم حكومەتەی هەڵبژاردووە هەڵوەشاوەتەوە‌و ئێستا خولێكی نوێی پەرلەمان لەسەركارە.

ش.هـ