لەئوردنەوە کار لەسەر دوورخستنەوەی سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌كرێت

عیراق

16/05/2022‌ 2006 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار ئاشکرایکردووە، سەرکردە سیاسییە دیارەکانی سوننە نیازیان هەیە لەئوردن کۆنگرەیەکی عەشایەرییی سیاسیی سوننی ببەستن‌و تێیدا کۆتاییهاتنی ماوەی حوکمڕانی محەمەد حەلبووسی وەک سەرۆکی پەڕلەمان‌و وەک ڕێبەری هێزە سوننییەکانی ئەنبار ڕابگەیەنن، باس لەوەشکراوە، هەریەک لەپارتی‌و تورکیا لەماوەی ڕابردوودا زۆر هەوڵیانداوە ڕێگریی لەئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیە بکەن.


بەوتەی ئەو سەرچاوە سیاسییە ئاگادارە، لەسەرەتای مانگی داهاتوو یەکەمین کۆبوونەوەی هەماهەنگیی هێزە سیاسییە عەشائیرییە سوننیەکانی ئەنبار سازدەکرێت، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لەوەی حەلبووسی کۆنترۆڵی پارێزگاکەو داهاتەکانی بکات‌و کۆتایی بەڕێککەوتنی ئیماراتیش بهێنن کە بووە هۆی درووستبوونی هاوپەیمانێتیی لەنێوان محەمەد حەلبووسیی‌و خەمیس خەنجەر.

ئەوەش هاتووە، لەکۆنگرەی هێزە بەرهەڵستکارە سوننییەکان لەعەممان بەبەشداریی سەرکردەکانی هاوپەیمانی عەزم‌و ڕافیع عیساویی‌و عەلی حاتەم سلێمان‌و نزیکەی 150 کەسایەتیی تری عەشائیری سوننی بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، لەماوەی ڕابردوودا تورکیاو پارتی دیموکراتی کوردستان بەپاساوی نەبوونی ڕەزامەندی پێشوەختە ڕێگرییانکردووە لەوەی، ئەو کۆنگرەیە لەهەولێرو ئەنکەرە سازبکرێت کە ئامانجیشیان بەردەوامبوونی حەلبووسی بووە لەپۆستەکەی‌و ڕێگەنەدان بەدرووستبوونی هیچ ڕکابەرێک بۆی.