به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌مریكا گه‌یشته‌ هه‌ولێرو مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ به‌به‌رپرسانى باڵاى كورد ده‌گه‌یه‌نێت

کوردستان

16/05/2022‌ 26784 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

باڵیۆزی ئەمریکا لەشاری بەغداوە به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ هەولێری پایتەختی هەرێم‌و مه‌ترسیی جدى له‌سه‌ر هه‌رێم به‌میدیاو به‌رپرسانى باڵاى كورد ده‌گه‌یه‌نێت.


دوێنێ ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لەشاری بەغداوە سه‌ردانى هەولێری كردو لەکۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لەدەزگا میدیاییەکان ئاماژەی بەبونی مەترسی جدی لەسەر قەوارەی هەرێم‌و دۆخی سیاسی‌و ئابوری هەرێم کردو پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدای بەپەیوەندی نائاسایی ناوبرد.

شارپرێس زانیاریی وردى له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ ماتیۆ تۆلەر لەسەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی لەگەڵ بەشێک لەگەورە بەرپرسانی هەرێم کۆبێتەوە.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش زانراوه‌، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ لەدیدارەکانیدا، تۆله‌ر هەمان ئەو مەترسیە بخاتە بەرچاوی بەرپرسانی هەرێم‌و باسی هەستیاری دۆخەکەیان لەگەڵ بکات، كه‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر جنین بلاسخارت نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق به‌به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى گه‌یاند له‌باره‌ى مه‌ترسیه‌كان له‌سه‌ر قه‌واره‌ى هه‌رێم.

ڕاگەیاندنی ئەم مەترسیانە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان لە دوای ئەوەدێت لەساڵی ڕابردوداو لەکۆنفرانسێکدا لەشاری هەولێر، جنین بلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لەبەردەم بەرپرسانی باڵای هەرێم‌و ڕاسته‌وخۆ ئاماژەی بەبونی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم کردو پێى وتن، "پێتانوانەبێت تاسەر ئەم قەوارەیە بەو شێوەیە دەمێنێت‌و دەبێت بەزویی کارێک بکەن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداو ئاڵەنگاریی‌و مەترسیەکان تێپەڕێنن".

سه‌ربارى ئه‌و هه‌موو مه‌ترسیانه‌ى ئاشكراده‌كرێت له‌سه‌ر قه‌واره‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌، بەرپرسانی هەرێم‌و دامەزراوە فەرمیەکانی هەرێم بەشێوەیەکی جدی هۆشداریەکانیان وەرنەگرتووه‌و هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوه‌ بەئاراستەی یەکخستنی نێوماڵی کوردی‌و پێکەوە ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵەنگاریەکان.

لەبەرامبەریشدا لەبارەی پرۆسەی نەوتی هەرێم‌و بەشێک لەیاساو بەندەکانی دەستورو هەنگاوەکانی ئابوری سەربەخۆو دواتریش بابەتی غازی سروشتی، دادگای فیدراڵى عێراق ژمارەیەک بڕیاری توندی لەدژی هەرێم دەرکردو لەدواین پێشهاتیشدا لەڕێگەی وەزارەتی نەوت‌و کۆمپانیای نەوتی باکورەوە مەترسی لەشکرکێشی‌و هێرشی چەکداریی بۆ سەر بەشێک لەبیرە نەوتەکانی هەرێم هاتۆتە ئاراوە.

چاودێرانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەمە مەترسیەکی نوێیەو هاوکاتی بونی ئەو مەترسیەش قسەکانی ماتیۆ تۆلەر جۆرێک لەزەنگی توندی ئاگادارکردنەوەیە بۆ بەرپرسانی هەرێم کە ئەگەر فریای دۆخەکە نەکەون، ڕەنگە لەداهاتویەکی نزیکدا ڕوبەڕوی ئاڵەنگاریی توند ببنەوە.

ش.هـ