پەرلەمانتارێکى پارتى ناوەڕۆکی کۆبوونەوەى سەرۆکى حکومەت و پارێزگارەکان ئاشکرا دەکات

کوردستان

17/05/2022‌ 1724 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بە فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لێژنەیەکی شارەزا لە وەزارەتی ناوخۆو دارایی و کەسانی شارەزا پێکدەهێنرێت بۆ ڕاستی و دروستی ئەو زانیاریانەی لەسەر  داهاتی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین باسدەکرێن.

‎پێشەوا هەورامانى وتەبێژی فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى کوردستان رایگەیاند"‎سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندووە، هەروەکو لەسەرەتای کابینە ڕامگەیاندووەو ئێستاش دەیڵێمەوە، من سەرۆکی حکوومەتی هەرێمم واتە سەرۆک حکومەتی هەموو شارو شارۆچکەیەکی ئەم هەرێمەم، هەروەک چۆن گوتوومە کاک قوباد جێگری سەرۆکی حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستانە،خەمی مووچەی سلێمانی و هەولێر بۆ من یەک خەمەو خەڵکی هیچ ناوچەیەک سزانادرێت و نەدراوەو ئێمە خزمەتی هەموو کوردستان بەیەک ئاست دەکەین".

‎ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندووە، ئەو لایەنانەی بەشداری کابینەن، زەرورەتە هەموومان پێکەوە کاربکەین و واجبی سەرشانی خۆمان بەپێی قەبارەی خۆمان لەناو حکومەت جێبەجێ بکەین و بەرانبەر هاوڵاتیانمان ئەرکمان لەسەر شانە،حکوومەتێکی ئارام و سەقامگیریش خواستی منەو خوازیاری شەڕی ڕاگەیاندن و قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان نیم.

هەورامانى باسی لەوەشکردوە، ئەمڕۆ داوای لە حزبەکەی خۆی و یەکێتیش کردوە شەڕی ڕاگەیاندن ڕابگرن و لەبری ئەمە خزمەتی خەڵک بکرێتە ئەولەوییەت پاڵپشتی هەر هەوڵ و داوایەکیش دەکات کە دۆخەکە هێور دەکاتەوەو هەر لەو کۆبوونەوەیە پەیام بە ڕاگەیاندنی هەردوولا درا کە ئەم داوایە جێبەجێبکەن.
سەبارەت بە پرسی موچەو داهاتیش سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندووە،لێژنەیەکی شارەزا لە وەزارەتی ناوخۆو دارایی و کەسانی شارەزا پێکدەهێنن بۆ ڕاستی و دروستی ئەو زانیاریانەی لەسەر  داهاتی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین باسدەکرێن، وەزارەتی دارایش لەلایەن سەرۆک وەزیران ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی ئەو عجزەی کە هەیە لە مووچەی فەرمانبەران لەپارێزگای سلێمانی پڕی بکەنەوەو دەبێت داهاتی هەموو کوردستان بەیەکسانی و وەک یەک بۆ حکوومەت بگەڕێتەوە.

هەروها سەرۆکى حکومت ئەوەشى وتووە، ئەگەر شەریکەکانمان هاوکاربن لە گەڕاندنەوەی هەموو داهاتەکان بۆ حکوومەت کێشەی مووچەی پارێزگای سلێمانیش چارەسەردەبێت،چوونکە ئێستا دەبێت بەپێی هەموو پێوەرێک جیاوازی هەبێت لە داهاتی ناوخۆ لەچاو ئەو کاتەی کە نەخۆشی کۆرۆنا هەبوو.
س.هـ