محەمەد رەئوف: پارتى و یەکێتى ناچارن دۆخى هەرێم ئارام بکەنەوە

کوردستان

25/05/2022‌ 1778 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

محەمەد ڕەئوف سیاسەمەتداری هەرێمى کوردستان ڕەخنە لە ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەگرێت و پارتی و یەکێتیش بە سەرچاوەی مەترسیەکانی سەر ھەرێم ناودەبات و دەشڵێت" پارتى و یەکێتى ناچارن دۆخى هەرێمی کوردستان ئارام بکەنەوە، بەڵام ئەمە بە ناچاری دەکەن نەک لەبەر چاکردنى دۆخەکە".

لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەى شرۆڤەى دەزگای میدیایی شارپرێس محەمەد ڕەئوف سیاسەمەتداری هەرێمى کوردستان دەڵێت" پارتى و یەکێتى لە کۆتاییدا دەگەنە ئەنجامێک کە ئەم دۆخە ئارام بکەنەوە، بەڵام وەک جاران نابێت، چونکە زۆر شت لەدەست چووەو لەدەستدراوە، بەڵام ناچار دەبن رێکبکەون لەسەر هەڵبژاردن و لەسەر بەغداو لەسەر شێوازی حکومڕانى هەرێم لەسەر چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، ناچار دەبن هەردووکیان کۆک بن لەسەر چارەسەری کۆتایی، بەڵام ئەمە بەناچاری دەیکەن نەک بەستراتیژ، بەناچاری دەیکەن نەک لەبەر باشکردنى وەزعى کوردستان".

ئاماژەى بەوەشکرد، دۆخى ناوخۆیی پارتى و یەکێتى تەواو نییە، دۆخى هەردووکیان لەگەڵ خەڵکى کوردستان و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ئۆپۆزسینیش تەواو نییە، بۆیە ناچارن دۆخەکە چاک بکەن، بەوتەى خۆشى هەموو چاککردنێکى ناچاریش تا سەر نییە، چونکە چارەسەرێکى ستراتیژی نییە و تاکتیکەو ناڕژێتە خزمەتى ئایندەى هەرێمى کوردستان و کوردستان لەگەڵ بەغداش.

ئەو سیاسەتمەدارەی هەرێم باس لەوە دەکات، پارتى و یەکێتى ناتوانن و دەرفەتى ئەوەیان نییە لەژێر کاریگەرى تورکیاو ئێران دەربچن، چونکە ئەو دوو دەوڵەتە خاوەن دەسەڵات و کاریگەرین لەسەر وڵاتانى هەرێمیش نەک هەر هەرێمى کوردستان، بۆیە پێیوایە هەرێم نە شەڕی تورکیای پێ دەکرێت نە شەڕی ئێرانیشى پێ دەکرێت.

هەروەها محەمەد رەئوف دەشڵێت" ئەو گۆڕانەی کە ساڵی ٢٠١٢ بەشداری حکومەتى کرد، زۆر جیاوازە لەو گۆڕانەى ئێستا لە حکومەتە،ئیستا گۆڕان وەکو حزبێک وەزعی زۆر خراپە، لە هەڵبژاردنى رابردوو وەزعى زۆر خراپ بوو، لە هەڵبژاردنى ئایندەشدا ئومێدی لێ ناکرێت هیچ بەدەست بەهێنێت، بۆیە لەناوخۆیاندا لە ڕا ڕایی و دوو دڵیدان کە چۆن ئەم دۆخەیان چاک بکەن، فشارى ئەندام و هەڵسوڕاوەکانیان لەسەرە".