جەنگی ئابووریی کارایی زیاترە لە جەنگی سەربازیی

مەلەفی تایبەت

04/06/2022‌ 374 جار خوێندراوه‌ته‌وه

زاهیر باهیر
مێژوو و ئەزموونەکان پێمان دەڵێن جەنگ، هەر جۆرە جەنگێك بێت دۆڕاوی سەرەکی زۆرینەی دانیشتوان و هاووڵاتیانن لە خەڵکە هەژار و ئاساییەکە. کۆتایی هەموو جەنگێکیش بە سەرکەوتنی لایەنێك لە هەڵگیرسێنەرانی جەنگ کۆتایی دێت و دۆڕانی ئێمە. جەنگی نێوانی دەسەڵادارن، دەوڵەتەکان  هەر جۆرێك بن جەنگێکی ڕەوا نییە و پشتگیرکردنی هەر لایەکیان هەڵە و نادروستە.

 لە جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیادا، لە لابەلاکردنەوە و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی جەنگەکە  پێشبینییەکانی هەردوو لا بە هەڵە دەرچوون.  پوتین وا پێشبینی دەکرد کە لە دوو هەفتەدا یاخود لە مانگێکدا دەتوانێت ئۆکرانیا داگیربکات و دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بۆ مەرامەکانی خۆی ملکەچ بکات.  ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ناتۆش وایان پێشبینی دەکرد کە ڕوسیا لە ماوەیەکی کەمدا تێدەشکێی و قۆناخی سەردەمیش لە قۆناخی مەترسی ڕوسیا و شەڕی سارد و گەرم تێدەپەڕێنن و پشتی وڵاتانی وەکو چین و بێلەڕوس و ئێران و سوریا و وڵاتە دۆستەکانی دیکەی ڕوسیا دەشکێنن.  بەڵام واقیع پێچەوانەی بیرکردنەوە و تاکتیکەکانی هەردوولایان ڕۆیشت.

ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە چەکی گەمارۆدانی ئابووریی و فشار خستنە سەر ڕوسیا و تەریککردنی زیاتری، بە زەرەری ئەمەریکا و ئەوروپا و سەراپای جیهان گەڕایەوە زیاتر لەوەی کە ببێتە چەکێك بۆ چۆکدادانی ڕوسیا و کشانەوەی لە ئۆکراینا و ڕازیبوونی بە مەرجەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی* .
شەڕەکە سەد ڕۆژی تێپەڕاند و ئامارەکان و بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن ئەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تا رادەیەکیش ئەمەریکایە کە لە پێگەیەکی لاوازی ئابووریدان، کە بە دوایدا لاوازی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی  و دەسەڵاتیان دێت.  هەر ئەمەشە کە ئێستا هەر هەموویان ڕازین بە وتووێژ و دانوستاندن بەڵام لە هەڵوێستی بەهێزیی ئۆکرانیاوە نەك لەم پێگە لاوازەی ئێستایدا تاکو هەژموون و کرێدتی خۆیان و ئۆکرانیاش بپارێزن . بەڵام وڵاتێک چەند شار و شارۆچکەیەکی داگیرکرابێت زۆریکش لە ئۆفیس و کۆمپانیا و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی وێرانکرابێت و لە سنوری دەریای ڕەشەوە  ئابلوقە درابێت، چۆن دەکرێت کە بەهێز بکرێت بۆ کاتی وتووێژ؟ 
هەر هەموویان بە نهێنی ئەوە دەدرکێنن کە چارەیەکیان نییە جگە لە سازشکردن و وتووێژ  لەگەڵ پوتین –دا ، بەڵام تەنها ئەمریکایە و هەندێك لە ئابووریناسەکان و ڕۆژنامەنوسەکانن کە بە ئاشکرا ئەوە دەلێن.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا  هێنری کیسنجەری کۆنە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و سیاسەتمەدار وتی "  ڕەنگە کۆتایی شەرەکە بەوە بێت کە ئۆکرانیا بڕێك لە خاکەکەی لەدەست بدات" بایدن و ئەوانی دیکەش نایشارنەوە کە تاکە ڕێگایەك وتووێژ و دانوستاندنە.  ڕۆژی سێ شەمە، 31/05 ، جۆ بایدن بە  ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی وت " داگیرکردنی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی دێت بەڵام ئەمریکا دەبێت چەک و تەقەمەنی بەرچاو دابین بکات بۆ ئەوەی بەرزترین کاریگەری لەسەر مێزی دانوستانەکان بدات بە ئۆکرانیا".
ئەم وەرچەرخانە لە بۆچوون وهەڵوێستدا چۆن ڕووی دا؟
لە کاتێکدا زیاتر لە 40 دەوڵەت هاوکاری و هاوپشتی ئۆکرانیایە، بە سەدەها ملیار دۆلار هەم وەکو کۆمەکی مرۆیی بۆ ئۆکرانییەکان و هەم وەکو دانی چەك و تەقەمەنی قورس بە سوپای ئۆکرانیا دراوە. ئەمە  جگە لە سەرفکردنی وەخت و پارەی دیکە لە ڕاهێنانی بڕێک لە سەربازانی ئۆکرانیا لەسەر بەکارهێنانی چەکە نوێیەکانی  کە لە ئۆکرانیا و پۆڵۆنیا و لە بریتانیا بەڕێدەکرێت بە چونی پسپۆڕ و شارەزایانی وڵاتانی ناتۆ بۆ ئەو وڵاتانە.
لە سیاسەتی بۆیکۆتی نەوت و غازی ڕوسی،  ڕوسیا نەك هەر زەرەری نەکردووە بەڵکو بە هۆی فرۆشتنیانەوە بڕی قازانجی نەوت و غازی، بەرزتر بۆتەوە. بە گوێرەی ئامارێکی نوێ  لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵداساڵی 2022 دا، پوتین  شانازی بە زیادە حیسابی ئێستاوە دەکات کە بە بڕی ٩٦ ملیار دۆلار (٧٦ ملیار پاوەند) –  بەهای غاز و نەوت زیادی کردووە کە سێ ئەوەندەی ژمارەی هەمان ماوەی ساڵی 2021 دەکات.
 کاتێک یەکێتی ئەوروپا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا قەدەغەکردنی بەشێکی خۆی لە هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیا ڕاگەیاند، ڕوسیا بەمەش زەرەری نەکرد بەڵکو قازانجی کرد، چونکە  تێچووی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ڕوسیا سوودێکی دیکەی دارایی بەدەستبهێنێت.  
ڕووسیا هیچ کێشەیەکی نییە لە دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوە [بەدیل] بۆ وزەکەی، هەناردەی نەوت و گاز بۆ چین لە مانگی نیساندا زیاتر لە سەدا 50 لە بەرانبەر ساڵانی پێشترا زیادی کردووە. هەروەها هیندستان هەر لە سەرەتاوە دوو ئەوەندەی ساڵانی پێشو نەوتی لە ڕوسیا کڕیوە و دایناوە لەبەر ئەوەی پێشبینی ئەم بارودۆخەی دەکرد.  کڕینی نەوتی ڕوسیا لە لایەن هیندستانەوە و دەوامدان بە سیاسەتی ئاشتی لەگەڵ ڕوسییادا ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوای لە هیندسستان نیگەران کرد .  هەر زوو وەزیری دەرەوەی بریتانیا خۆی گەیاندە هیندستان و ویستی دەسەڵاتدارانی ئەوێ بە هەڵوەشاندەنەوەی ئەو سیاسەتە ڕازی بکات .  بەڵام نەك هەر ئەوان ڕازی نەبوون کورد وتەنی کچی خۆیان نەکردە قوربانی کوڕی خەڵکی، بەڵکو جوابێکی ئاواشیان پێدان سڕیان کردن و جارێکی دیکە نەتوانن ئەو داوایە لە حوکمڕانانی هیندستان بکەن.
سەرباری ئەمانەش سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات ئەمساڵ ئابووری بە ڕێژەی  لە سەدا 8.5 دابەزێت بەهۆی داڕمانی هاوردەکردن لە ڕۆژئاوا.بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە لە وڵاتانی گروپی 7 دا [G7 ] کێشەیەکی ترە.  لە  بەرواری 18/05/22  ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لەو وڵاتانی گروپی 7 دا ئاوا بووە:  بریتانیا بە ڕێژەی لەسەدا 9، [بەرزترین ئاستی لە ماوەی 40 ساڵدا ] ئەمەریکا لە سەدا 8.3 ، ئەڵمانیا لەسەدا 7.14 ، کەنەدا لە سەدا 6.8 و ئیتالیا لەسەدا 6 ، فەرەنسا لە سەدا 4.8 ، یابان لە سەدا 1.2  .
هەڵئاوسانی پارەش یانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی خەڵك کە هەر هەموو شتێك گران بووە و گرانتریش دەبێت .  هەر بۆ نموونە لە بریتانیادا کە نرخی غاز لە مانگی نیسانەوە بە ڕێژەی لە سەدا 54  سەرکەوت، لە مانگی ئۆکتۆبەردا ئەم ڕێژەیە زیاتر سەر دەکەوێت دوای ئەوەی کە گرێبەستی نێوانی حکومەت و کۆمپانیاکانی غاز لەسەر وەستانی بەرزبوونەوەی نرخ لە ڕادەیەکدا ، کۆتایی دێت ، ئەو کاتە وا پێشبینی دەکرێت کە ماڵێکی ئاسایی نرخی غازیان لە نێوان 700 بۆ 800 پاوەند لە ساڵێکدا زیاتر بدەن.
لە ئەنجامی جەنگەکەدا، ئابووریی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی قۆناغێکی گەشەسەندنی خاو یان نەرێنی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی زیاتری پارە دەبێتەوە. ئابووریناسەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە بارودۆخەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکانی چەرخی پێشوو کە هەڵئاوسانی پارە زۆر سەرکەوت.  لە لایەکی دیکەوە بەڕیوەبەری  بەرنامەی جیهانی خۆراک دەڵێت: “لە ئێستادا، سایلۆکانی دانەوێڵەی ئۆکرانیا پڕن.  ئەمە  لە کاتێکدا44 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەرەو برسێتی دەچن "
یەکێتی ئەوروپا نەك هەر پێشنیاری ڕاگرتنی دانی پارەی بە ڕوسیا  لەلایەن وڵاتانی نزیک لە ڕووسیاوە کردووە، بەڵکو یەکێتی ئەوروپا  دژایەتیشیان دەکات.  بەڵام ئەمە کارێکی لۆژیکانە نییە چونکە هەندێك لەو وڵاتانە زۆر پشت بە سووتەمەنی بەردینی دەبەستن؛ ئەڵمانیا 12%ی نەوتەکەی و 35%ی غازەکەی لە روسیا دەکڕێت، هۆڵندە لە سەدا 15 ، ئەو ئامارانەش لە هەنگاریا زۆر زیاترن.    ڕەنگە سزاکان زیانیان بە توانای قەرزکردنی ڕووسیا گەیاندبێت، بەڵام تەنها بەرزبوونەوەی لە سەدا 70ی  نرخی غازی جیهان، هاوسەنگیی [باڵانسی] پارەی ڕووسیای زیاد کردووە.  زیادەی مامەڵەی بازرگانی ڕوسیا بە گوێرەی حیسابی ئێستای، بەپێی بانکی ناوەندییەکەی، لە ئێستا لە سێ هێندەی ئاستی پێش شەڕەکە، زیاترە.
ئەمانە هەموی تا ڕادەیەك دەمان گەیەنێتە ئەو ڕاستییە کە سزادانی ڕوسیا  بە ئاشکرا زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنێت لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپا کە ئەو سزایانە دەسەپێنن.    ئەم گەمارۆیە نرخی دانەوێڵەکانی بە ڕێژەی لە سەدا 48 بەرزکردۆتەوە بە بەراورد بە ساڵی  2019، ئەمەش بازاڕەکانی وێران کردووە، بەتایبەتی لە سەرانسەری ئەفریقادا.  هاوکاتیش  بەهای ڕۆبڵ گەر چی لە سەرەتادا شکا بەڵام ئێستا هەڵساوەتەوە و بەرزیش بووەتەوە. ڕوسیا لەو گەمارۆیەی کە لە سنوری ئۆکرانیا لەسەر بەندەرەکانی دەریای ڕەشی داناوە کە ناهێڵێت دانەوێڵە و بەرهەمەکانی دیکەی ئۆکرانیا هەناردەی وڵاتانی دیکە بکرێت ، روسیا گەنمەکەی خۆی بەو نرخەی کە دەیەوێت دەیفرۆشیێت .  کەواتە هەندێك لە زەرەر و زیانەکانی شەڕەکە هەر خودی شەڕەکە و سزادانەکانی ڕوسیا، خۆیان  قەرەبووی ڕوسیا دەکەنەوە. بە واتایەکی دیکە ڕوسیا جەنگەکە بە پارەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات.  
لەم ماوەیەدا ئەمەریکا و ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆیان سەلمێنرا کە چی دی ئەم شەڕە لە ڕێگای جەنگی سەربازییەوە نابرێتەوە و ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرانیا چی تر ناتوانن هاوکاری ئۆکرانیا بکەن. دەبێت  بیر لە کردنی  سازش و وتووێژ لەگەڵ پوتین-دا بکەنەوە و بایدن لە ڕۆژی دووشەممە، 23/05  گەیشتە ئەو قەناعەتە و ڕایگەیاند کە ئەمریکا "سیستەمی موشەکی کە توانای گەیشتنە ناو ڕوسیای هەیە " بۆ ئۆکرانیا نانێرێت. . لەوەدەکات پاش قسەکردنی نێوانی پوتین و سەرکردەکانی فەرەنسا وئەڵمانیا کە ڕۆژی شەمە، 28/05 بۆ 80 خولەك ئەنجام درا کە لەو تەلەفونەدا پوتین هۆشداری  لە بەردەوامی گواستنەوەی چەکی ڕۆژئاوایی ئەمەریکی بۆ ئۆکرانیا داوە. لەوە دەکات ئەو هەڕەشەیەی پوتین هەڵوێستی بایدن-ی گۆڕیبێت کە وڕاوەی ئەوەی دەکرد کە سیستەمی موشەکی دوور هاوێژی مەدای 165 کیلۆمەتری بۆ ئۆکرانیا بنێرێت.   تا ئێستا تەنها ئەو موشەکانە دراون بە ئۆکرانیا کە مەدای هاویشتنیان لە 70 کیلۆمەتر تێپەڕ ناکات ئەویش بەو مەرجەی کە نەنرێت بە ناو ڕوسیاوە.

ئەنجامگیریی

ئەوەی کە ئێستا ڕوونە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە بەردەستدایە ئەوەیە کە جەنگی جیهانی سێیەم ڕوونادات گەرچی ڕەنگە ئەم شەڕە ماوەیەکی دیکەش هەر بەردەوام بێت.  ئۆکرانیا بە تەواوی وێران بووەو ئاوەدانکردنەوە و بیناکردنەوەی لە ئێستادا بە بڕی زیاتر لە تریلیۆنێك دۆلار خەمڵێنراوە ، نزیکەی 11 ملیۆن کەسی ئاوارە بووە کە بەشێکیان لە وڵاتانی دیکە بوونەتە پەنابەر. هاوکاتیش لەوە ناکات کە پوتین بە بێ مەرج لە ئۆکرانیا بکشێتەوە و ئەوروپاش بۆیان دەرکەوت کە گەمارۆ و سزا ئابورییەکانی کە لەسەر ڕوسیایان دانا زیاتر لەسەری خۆیاندا شکاوەتەوە، ئەنجامی ئەمەش لە لایەن هاووڵاتیانیانەوە بە هیچ شێوەیەك قەبوڵناکرێت و ئەمە جەنگێکی ئابوورییە دژ بە خەڵکی و  تەحەمول ناکرێت و سەرەنجام دەبێتە هۆی پرۆتێستی گەورە و ڕاپەڕینیش، بۆیە دەکرێت کە ئەوروپا ئەم شەڕە کۆتایی پێ بهێنێت و سازش لەگەڵ پوتین-دا بکەن لەسەر حسابی زەوی و خاك و گیانی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا.
گەر ئەمەش ڕووبدات کە گریمانی زۆری هەیە ، بێ گومان پوتین لەم جەنگەدا براوە دەبێت و چی تر ئەمەریکاو سەرکردەکانی ئەوروپا ناتوانن بە هیچ تەماشای بکەن، هاوکاتیش بەها و ئەرزشی ناتۆ و پێشبڕكێی چەک لە لایەن ئەمەریکاوە وەکو پێشتر نامێنێت.

*تکایە بۆ زانیاری لەسەر گەمارۆ و سزای ئابووریی تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکە کە من لەو وتارەی ناوەڕاستی مانگی مارت-دا پێشبینی سەرەنجامی گەمارۆ و سزا ئابوورییەکانم لەسەر ڕوسیا کردووە.

https://emrro.com/sizaugemaroy.htm

Zaherbaher.com

بەپەلە