سۆشیالیزم لە باشور

مەلەفی تایبەت

15/06/2022‌ 639 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: د. سەردار عەزیز

لە ڕۆژانی پێشودا بە چەند شێوازێک، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕوبەڕوی پرسی سۆشیالیزم لە کوردستان بومەوە. سەرەتا دۆخێکی گشتی هەیە کە ڕۆژانە هەستی پێدەکەین: جیاوازی نێوان توێژەکانی کۆمەڵگا  هەتابێت گەورەتر دەبێت، هەموو شتێک دەبێت بە پارە و پارەش زۆر بە نادادپەروەرانە لە نێو کۆمەڵگادا بەش دەبێت. هەڵاوسان و گرانبون و کەمبون یان نەمانی کار و دۆخی جیهانی و لە سەروی هەمویەوە خراپی بەڕێوەبردنی ئابوری لە کوردستان پاڵنەرە جیاوازەکانی ئەم دۆخەن. لە هەمانکاتدا دوو ووردە روداوی تر مایەی سەرنجم بوون. یەکەم، جودابونەوەی یان خۆ زیندوکردنەوەی هەندێک کۆنە سۆشیالست لە پارتێکی سیاسیدا، هەروەها نوسینێکی بەڕێز کاک هەندرینی شێخ ڕاغب بە ناوی حکومەتی سۆشیالیستی؟ بابەتێک بۆ گفتوگۆ. 

بێگومان نادادپەروەریی و نایەکسانی بونی هەیە و لە پەرەسەندایە، ئەمە جێگای مشتومڕنیە. بەڵام چۆنێتی تێگەیشتن لێی و هەوڵدان بۆ مامەڵەکردن لە گەڵیدا، ناڵێم چارەسەر، چونکە چارەسەر چەمکێکی قەیراناویە، هەمیشە جێگای مشتومڕە.
نایەکسانی یان نادادپەروەری دیاردەیەک نیە تەنها پەیوەست بێت بە کوردستانەوە، بەڵکو لە هەموو دیاردەیەکی تر زیاتر جیهانییە. بە ئاگابون لەم رەهەندەی گرنگە، چونکە ئەوکاتە دەزانین کە ئەزمون و ئەدەبیات و گفتوگۆ و کاری زۆر هەیە لە جێگاکانی تر. ڕەنگە ناوێک شایستەی ئاماژە پێدان بێت لەم بوارەدا لێکۆڵەر و ئابوریناسی فەرەنسی تۆماس پیکیتییە. کارەکانی تۆماس قەبەن، بۆ ئاسانکردنی ئەمە لەم دواییانەدا کتێبێکی بچوکتری بڵاوکردوەتەوە بە ناوی کورتە مێژویەکی نایەکسانی. 

ئامانجی من ئەوە نیە کار لە سەر هۆکارەکانی نایەکسانی بکەم لەم نوسینەدا، چونکە ئەوە کاری مەیدانی و نوسینێکی زۆر زۆر درێژتری لەم کورتە نوسینە پێویستە. وەک هەر نوسینێکی تری ڕۆژنامەیی کاری ئەم نوسینە ڕاکێشانی سەرنجە. یەکەم سەرنجم ئەوەیە کە، سەرباری بونی نایەکسانی و نادادپەروەری، قسەکردن و گفتوگۆ لە سەری نیە یان کەمە. دیارە زۆر دەربڕین ناچێتە خانەی قسەکردنەوە، بە تایبەتی لە ئەمڕۆی باشوردا زۆرینەی ئەوەی دەوترێت سودی ئەوەی نیە کە ببێتە بنەمای دیدێکی نوێ یان چارسەری هەر پرسێک. دووەم سەرنج ئەوەیە کە قسەکردن لە سەر پرسی نایەکسانی بە مۆدێلە کۆن و نوستالیجیای گەڕانەوە بۆ سەردەمە تێپەڕبوەکان نایەتە دی. لێرەدا حەز دەکەم کەمێک لە سەر بانگەشەکەی کاک هەندرین ڕابوەستم. لای کاک هەندرین مۆدێلی یان سەردەمی بەعس کاتێک حکومەت یان کەرتی گشتی خاوەندارێتی لە زۆر بوارەکان دەکرد ژیان باشتربوو. لای ئەو دەوڵەت کاتێک دەوڵەتە کە خاوەنداربێت. بەعس سۆشیالیست نەبوو بەڵام لە ژێر کاریگەری مۆدێلی سۆڤیەتیدابوو.  ئەم مۆدێلە کە (كارەبا نیشتمانی بێت، ئاو نیشتمانی بێت، بازاڕو خۆراك و پێدانی بەشەخۆراكی مانگانە نیشتمانی بێت، واتە لەدەستی دەوڵەت بێت نەك كۆمپانیاو كەرتی تایبەت)، ئەگەر وەهابێت ئەوا نەک دادپەروەر دەبێت بەڵکو کواڵیتیشی باش دەبێت. 

لێرەدا نامەوێت قسە لە سەر چیەتی و چۆنێتی بەعس بکەم. بەڵام بە گشتی چەند بوارێک جێگای سەرنجە. یەکەم، گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو، مەحاڵە. دووەم، دوبارەکردنەوەی هەمان سیستەم و چاوەڕوانکردنی هەمان دەرئەنجام مەحاڵە. دیارە پرسی دوبارە ڕۆڵێکی ئێجگار کاریگەری هەیە لە میتۆدی تێگەیشتنی ئێمە بۆ دونیا، لە داهاتویەکی نزیکدا زیاتر قسە لە سەر دوبارە دەکەم. سێیەم، بە مۆدێلکردنی بەعس پێویستی بە تێگەیشتنی باشترە بۆ بەعس. ئەمە خۆی یەکێکە لە قەیرانەکان، ئایا ئەو چوارچێوە و مۆدێل و بنەما فیکرییە چیە کە ئێمە وەک ڕێ نیشاندەرێک لە بەرچاوی دەگرین بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی یان یەکسانی. من ئەم مۆدێلە لە زۆر ڕوەوە بە سود نابینم، چونکە بە زۆری دورە لە ڕاستیەوە. ئەوەی گرنگە لە بەرچاوی بگرین کە مرۆڤی هەشتاکان یان حەفتاکانی عێراق هیچ خاڵێکی هاوبەشی نیە لە گەڵ مرۆڤی ئەم سەردەمەدا، لە ڕوی پێداویستی و خواست و ئاگایی و ژمارە و تێگەیشتنی بۆ کۆمەڵگا. بەم پێیە بۆ ئەوەی جۆرێک لە یەکسانی دابین بێت دەبێت دەسەڵاتێک هەبێت کە مۆدێلێک لە ژیان بچەسپێنێت لە گەڵ مۆدێلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. کەواتە دیموکراسی دەبێت لە هاوکێشەکە بکرێتە دەرەوە. ئەگەر عێراقی ئێستا دیکتاتۆریانە بەڕێوە ببرێت زۆرینەی خەڵک بە تەواوی برسی دەبن. [دیارە بە هیچ شێوەیەک ئارگومێنتی ئەوە ناکەم کە عێراق دیموکراسییە. عێراق لە سەدەی داهاتوشدا نابێتە دیموکراسی] هاوکێشەیەک هەیە کە دیموکراسی ڕێگری برسێتیە، بیرمەندی گەورەی هیندی ئەمارتیا سین لە سەر ئەزمونی هیند دایڕشتوە.

لە هەمانکاتدا پرسی دادپەروەری لە ئەمڕۆدا تەنها لە شتە مادییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو مانایەکی بەرفراوانتری هەیە. بیرمەندی چەپی ئیتالی نۆربێرتۆ بۆبیو دەڵێت کاتێک یەکسانی وەک پرینسیپ دانی پیادا نرا، هەر پلانێک بۆ دابەشکردن دەبێت مامەڵە لە گەڵ سێ پرسدا بکات: دابەشکردن لە نێوان کێدا، چەندێک هەروەها لە سەر چ بنەمایەک. بەم پێیە دابەشکردن تەنها شمەک یان خزمەتگوزاری نیە، بەڵکو توانا و دەسەڵات و بڕیار و ئازادی و زۆر شتی ترە.

کوردستان پێویستی بە دادپەروەریی و یەکسانیە. ئەو بە تایبەتکردنە بە تایبەتی لە بوارەکانی پەروەردە و خوێندن و تەندروستیدا بەڕێودەچێت نەک هەر نادادپەروەرە بەڵکو زیانبەخش و ئازار بەخش و ترسناکە. هەتا ئەم ساڵانەی دوایی، خوێندن و بونی دەرفەت بۆ خوێندن وەها دەبینرا کە ڕێگاچارەی کەمکردنەوەی نادادپەروەری بێت. بەڵام لە کوردستان لە ڕێگای کردنی خوێندن بە دوو سیستەم، لە ئەنجامدا خوێندن دەبێتە مایەی نادادپەروەری. لە زۆر جێگای دونیا زانکۆ و ناوەند بونیان هەیە بۆ دروستکردنی نوخبە، بۆ نمونە ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا، هارڤارد و زۆر جێگای تر لە ئەمریکا، فەرەنسا ئەوە هەر باسی مەکە، بە پێی پیتەر گەمبڵ زۆر خراپترە لە بەریتانیا. دوا کتێبی سایمۆن کوپەر بە ناوی چەم، کە بە ئینگلیزی یانی هاوڕێی نزیک، زۆر بەووردی باس لە ئەم دیاردەیە دەکات. بەڵام ئەم مۆدێلانە بۆ ئەوەنین کە ئێمە دەبێت لاساییان بکەینەوە، بەڵکو دەبێت لێوە فێربین. هەندێک  لە کوردستان نادادپەروەریی و پەرتی ڕۆژئاوا بەکار دەهێنرێت وەک بەهانەیەک بۆ ڕەوایی بەخشین بە دیاردەی خراپ. 

 بۆ ئەوەی لە کوردستان ڕوانگەیەک هەبێت بۆ قسەکردن و فشارکردن بۆ دادپەروەری و یەکسانی دەبێت چەند بنەمایەکی هەبێت. ئەم دیاردەیە تەنها بە سیاسیکردن چارەسەر نابێت. دەبێت مەعریفە هەبێت لە سەر مۆدێلەکان و چۆنێتی کار و زیانیان. دەبێت هەموو ئەکتەرەکان ببینرێن، بانکی نێودەوڵەتی، سیستەمی نێودەوڵەتی، سیستەمی ناسیستەمی ئابوری هەرێم، خەڵک لە سەر چی راهێنراون هەروەها ئاین و کەلتور و ئەفسانەکان. 
یەکسانی و دادپەروەریی چەمکی عەلمانین. ئەو مرۆڤانەی کە بڕوایان وەهایە دەکرێت یەکسانی یان دادپەروەریی هەبێت بڕوایان لە سەر ئەو بنەمایەیە کە سامان و دابەشکردنی سامان، بەرهەمی هەوڵ و باوەڕی مرۆڤەکانە، نەک هەر هێزێکی تر. 

ئەوەی جێگای مەترسییە کە ئێمە لە ئێستادا لە سەرەتاکانی نادادپەروەریدان. ئەم دۆخەی ئێمە بە زۆری لە دۆخی کەڵەکەکردنی سەرەتایی دەچێت. کارل مارکس لە بەشی هەشتی کتێبی سەرمایەدا باس لەم ئەم چەمکە دەکات. وەک دەیڤد هارڤی لە دوا کتێبیدا باسی دەکات، لە سەردەمی مارکسدا سێ چیرۆک هەبوە بۆ چۆنێتی سەرهەڵدانی سەرمایەداری، یەکەم، ئەو حەکایەتەی کە هەندێک خەڵک دەزانن پارە کۆبکەنەوە و زیرەک بن، چیرۆکێکی تر لە سەر بنەمای ئاین، گوایە هەندێک باوەڕ دەبێتە بنەما بۆ سەرمایەداری پاشان ڤیبەر پەرەی پێدەدات. بەڵام چیرۆکی مارکس چیرۆکی ئەو دۆخەیە کە ئێستا کوردستان تیایدا دەژی. خەڵک بە زەبر و توندوتیژی، بەشەڕ، بە دەستبەسەراگرتن، بە بردن، بە بێبەریکردنی ئەوانیتر لە خاک و سامانیان دەبنە خاوەن سامان. 

گرنگیەکی چەمکی مارکس ئەوەیە لە ئێستادا، کە لە ئەوە دڵنیامان دەکاتەوە کە داهاتوی ئێمە زیاتر نا دادپەروەر دەبێت. لە کوردستان بە هاتنی خەڵک بۆ شار و لە دەستدانی هەموو سەرچاوەیەکی داهاتی سەربەخۆ، ئیتر کرێکار لە دایک دەبێت، سەرمایەداریش لە دایک دەبێت. کرێکار یەکێکە لە ئەو بونەوەرانەی کە کەلتوری ئەوروپی نازانێت چی لێبکات. لای ئێمە هەر باسی مەکە.
دادپەروەری پێویستە چونکە ئێمە لە سەردەمێکداین چیدی خەڵکی بە ئاسانی بێدەنگ نابن بە بێبەریکردنیان لە سامان. لە هەمانکاتدا، چیدی وەک سەردەمەکانی پێشوو نیە، کە سامانی خەڵکی شاراوە بێت، بەڵکو خەڵک وەک کردەیەکی دەرونی (نەخۆش) پۆزی پێوە لێئەدەن. 
نادادپەروەری و نایەکسانی هەر بە ئەوەوە ناوەستێت کە تەنها ڕەهەندێکی دارایی، فاینانسی هەبێت، بەڵکو لە میانەی کاتدا ووردە ووردە دەبێتە بنەمای ئەوەی خەڵێک خۆیان باڵاتر بزان لە خەڵانێکی تر، وەک هەروو نوسەری فەرەنسی و ئینگلیزی بۆمان ڕون دەکەنەوە. 
ئێستا کوردستان لە دۆخێکدایە کە کەس بیر لەم بوارە ناکاتەوە، چونکە قۆناغەکە قۆناغی ئەوەیە کە چۆن دەستم پێی بگات. هەموو کەس لە هەوڵی تاکە کەسیدایە. لە هەمانکاتدا نادادپەروەری بنەمای سیستەمی حوکمڕانییە.