پارتى مه‌رجى خۆى ئاشكراده‌كات

کوردستان

16/06/2022‌ 4523 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتارێکی پارتی هه‌ڵوێستى نوێى حزبه‌كه‌ى بۆ ئه‌نجامدانى هاوپه‌یمانێتى ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، پارتی مەرجی ھەیە بۆ چوونە نێو ھەر ھاوپەیمانییەک‌و پێشتریش مەرجی خۆی ھەبووە.


بۆ میدیاى فه‌رمى حزبه‌كه‌ى، محەمەد سدیق پەرلەمانتارێکی پارتی له‌به‌غدا وتویه‌تى:''لەسەرەتای ئەمساڵەوە پەرلەمانی عێراق دەستبەکاربووەو پارتی ھاوپەیمانیی لەگەڵ کوتلەی سەدرو سیادەی سوننەکان کردووە، تا هەفتەی ڕابردوو ھاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتیمان زۆر بەڕێکوپێکی کاری خۆی دەکرد، بەڵام هەفتەی ڕابردوو موقتەدا سەدر، فەرمانی بەکوتلەکەی کرد دەستلەکاربکێشنەوە".

بۆ هۆكاره‌كه‌شى ده‌ڵێت:"ھۆکارەکەی ئەوەیه‌ کە ھاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتیمان دەیویست زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێنێت، واتە ئەو سێ لایەنە حکوومەت پێکبهێنن، بەڵام شیعەکان دەیانویست بێنە ناو حکومەتەوە، دوای ئەو ھەموو مۆڵەتە، سەدر دواجار کشایەوە''.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى وتویه‌تى:''پێموایە ئەمجارە لەعێراق ھاوپەیمانیی نوێ پێکدێت، بەتایبەتی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ئەگەر ھاوپەیمانیی نوێ دروستبێت، ئەوکات دەتوانن حکومەت پێکبێنن، ئەگەر ھەر ھاوپەیمانییەک دروستبکرێت‌و بەمەرجەکانی ئێمە وەک پارتی ڕازی بن، ئەوە دەچینە ناو ئەو ھاوپەیمانییە، پێشتریش پارتی هه‌ر مەرجی ھەبووە''.

هه‌روه‌ك له‌و لێدوانه‌یدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "تاکە چارەسەر، گەیشتنە بەڕێککەوتن، چونکە بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن کاریگەریی نابێت‌و بۆ ڕەوشی ئێستای عێراق چارەسەرنییە‌و من بەئەگەرێکی دووری دەبینم، حکومەتی نوێ بەبێ سەدر کارێکی زەحمەتە، چونکە ئەگەر سەدر ببێتە ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی، ئەوکات دژی حکومەت شەقام دەجوڵێنێت، لەبەرئەوەی لەنێو پەرلەماندا نەماوە، دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی‌و شەقامی بەدەستەوە دەبێت''.

ش.هـ