داتای عێراق و هەرێم ناكۆكن لەسەر دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر پارێزگاكاندا

عیراق

20/06/2022‌ 697 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن بڵاویكردەوە، داتای حكومەتی عێراق و هەرێم جیاوازییان تێدایە و ئەگەر هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیی بەڕێوەبچێت داتای هەرێم لەبەرژەوەندی هەولێرو دهۆكە داتای عێراق لەبەرژەوەندی سلێمانی‌و هەڵەبجەیە.

پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: ئەگەر هەڵبژاردن  بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەبچێت، داتای حكومەتی هەرێم بۆ ژمارەی دانیشتوان كورسی بازنەكانی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك دەشكێنێتەوە، لەبەرامبەردا داتای حكومەتی عێراق لەبەرژەوەندی پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجەیە. 

بەپێی ڕاپۆرتەكەی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، ئەگەر خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێتە چوار بازنە‌و هەر پارێزگایەكی هەرێم بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت، ئەوكاتە ژمارەی كورسی بەپێی داتاكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، پارێزگای هەولێر دوو كورسی زیاد دەكات‌و پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە چوار كورسی كەمدەكەن‌و پارێزگای دهۆكیش دوو كورسی زیاد دەكات، بەمەش ئەنجامی دابەشكردنی كورسییەكان لەبەرژەوەندی پارێزگای هەولێرو دهۆك تەواو دەبێت. 

وەك لە ڕاپۆتەكەی پەیمانای كوردیدا ڕوونكراوەتەوە، ژمارەی كورسی بەپێی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدراڵی عێراق، ئەنجامەكان پێچەوانە دەبنەوە‌و دابەشكردنی كورسییەكان لەبەرژەوەندی پارێزگای سلێمانی‌ و هەڵەبجە دەبێت بەوەی چوار كورسی زیاتریان بەردەكەوێت، هەریەك لە پارێزگای هەولێرو دهۆكیش دوو كورسی كەمدەكەن.

س.س

بەپەلە