ساڵانە ملیۆنان کەس بەهۆی هەوای پیسەوە گیان لەدەستدەدەن

هەمەڕەنگ

22/06/2022‌ 364 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەڵێت، ژمارەی ئەوانەی ساڵانە بەهۆی پیسبوونی هەواوە لەسەرتاسەری جیهاندا گیان لەدەستدەدەن، سێ ئەوەندەی گیان لەدەستدانە بەنەخۆشییەکانی ئایدزو مەلاریاو سیل بەیەکەوە، ئەو مەترسییەش کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەکەوێتەسەر تەندروستیی مرۆڤ بەشێوەیەکی پێویست چارەسەرنەکراوە.

ئەو ئەنجامانە کە لەلایەن لیژنەی لانسلێت بۆ پیسبوون‌و تەندرووستیی دەریکردووە، کە بریتییە لەدەستپێشخەرییەکی توێژینەوەیی جیهانیی بەبەشداریی دەستەیەک لەزانایانی بواری زیندەزانیی جیهانیی، تێیدا باسی لەوەکردووە، بەپشتبەستن بەداتاکان لەساڵی 2019، لەکۆی هەر 6 گیانلەدەستدان یەکێکیان بەهۆی پیسبوونی هەواوە بووە.

بەگوێرەی پێگەی "میدیکاڵ ئێسکپرێس" ساڵانە نزیکەی 9 ملیۆن کەس بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە گیان لەدەستدەدەن، لەوەشدا 1.8 ملیۆنیان بەهۆی پیسبوونی کیمیایی‌و پیسبوونی ئاویش هۆکاری 1.36 ملیۆن گیان لەدەستدانی پێشوەختەیە.

ئەوەش هاتووە، "لەساڵی 2019 نزیکەی 900 هەزار کەس لەجیهاندا بەهۆی پیسبوون‌و ژەهراوییبون  بەمادەی قوڕقوشم مردوون".

لێکۆڵێنەوەکە دەڵێت:"پیسبوونی هەوا لەناو ماڵاندا بێت یان لەجێگا کراوەکان، لەساڵی 2019 هۆکاری مردنی 4.5 ملیۆن کەس بووە، لەکاتێکدا لەساڵی 2015 هۆکاری گیانلەدەستدانی 4.2 ملیۆن کەس‌و لەساڵی 2000یش هۆکاری گیانلەدەستدانی 2.9 ملیۆن کەس بووە".

هیندستان‌و چین پێشەنگی جیهانن لەڕووی مردن بەهۆی هەموو جۆرەکانی پیسبوونەوە،  بەڕێژەی نزیکەی 2.4 ملیۆن‌و نزیکەی 2.2 ملیۆن مردنی ساڵانە، بەڵام بەلەربەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی جیهانیان هەیە.

هەروەک ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکاش تاکە وڵاتی پیشەسازیی تەواوە کە لەڕیزی 10 وڵاتە یەکەمینەکانە لەمردن بەهۆکاری پیسییەوە، بەشێوەیەک لەساڵی 2019 نزیکەی 142883 کە بەهۆی هەموو جۆرەکانی پیسبوونەوە گیانیانلەدەستداوەو ڕیزبەندی حەوتەمی گرتووە.

و: ئاکۆ ئاڵی