بانكى ناوه‌ندى له‌باره‌ى به‌هاى دینارو دۆلاره‌وه‌ كۆتایی به‌مشتومڕه‌كان هێنا

عیراق

03/07/2022‌ 8649 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بانکی ناوەندی  عێراق کۆتایی بەو مشتومڕانە هێنا کە لەبارەی بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار لەئارادابوون، ڕایگەیاند، "نرخی دینار بەرزناکرێتەوەو هەرگیز دۆخی ئابوریی عێراق‌و خەرجیە گشتیەکانی دەوڵەت ڕێگه‌ بەکارێکی لەو شێوەیە نادات".


عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق له‌لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامى ئەو ھەوڵانەی دایه‌وه‌ كه‌ ناوبەناو دەدرێن بۆ دابەزاندنی بەھای دۆلار.

ده‌ڵێت:"ئه‌و هه‌واڵانه‌ جگە لەسەرقاڵکردنی شەقام ھیچی تر نییە، چونکە ئەو بابەتە تەنھا لەدەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە نەک ئەنجومەنی نوێنەران‌و پەرلەمانتاران، بۆیە تا بانکی ناوەندیی بڕیار لەسەر بەھای دۆلار نەدات، وەک خۆی دەمێنێتەوەو لەئێستاشدا ناتوانن دەستکاریی بەھاکەی بکەن، چونکە دەبێتە ھۆی داڕمانی ئابوری عێراق".

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "ئێستا یەدەگی دراوە بیانییەکان لەبانکی ناوەندی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوەو پشبینیدەکەن تاکۆتایی ئەمساڵ بگاتە 90 ملیار دۆلار ئەگەر بەھای نەوت لەبازاڕەکانی جیھان وەک ئێستا بەبەرزی بمێنێتەوە".

ش.هـ