شارپرێس:
فه‌رمانگه‌ى میدیا‌و زانیاریی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم ده‌قى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى داوایه‌ك له‌دژى وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "یاسای نەوت‌و غازی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانان لەهەرێمه‌وه دەرچوێنراوەو دەسەڵاتەکانی پیادە بەپێی دەستوورو یاساكه‌ش ڕەوایەتی‌و دەستووریبوونی سەلمێنراوە".
به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى فه‌رمانگه‌ى میدیا‌و زانیاریی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم كه وێنه‌یه‌كى بۆ شارپرێس نێردراوه تێیدا ئاماژه به‌وه‌كراوه، دادگای بازرگانی هه‌ولێر بڕیارێکیدا سه‌باره‌ت به‌داواكارییه‌كی (هیدایه‌ت حه‌مه‌د) کە سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگه‌پێدراوی كۆمپانیای ADDAXو به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگه‌پێدراوی كۆمپانیای (Genel Energy International Itd) تۆماركردبوو.
ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه، "سکاڵاکەی داواکار تایبەتبوو بەداواکردنی پارچه زه‌ویەک کە بێبه‌شکراوە لێی له‌سنووری شارۆچكه‌ی ته‌ق ته‌ق‌و داوایکردووە بڕیارێك بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌زه‌وییه‌كه‌ی وەرگرێت‌و بڕیارێك بدات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستەکەی نێوانیان‌و بانگهێشتی داوالێكراوان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌زه‌وییه‌كه‌ی هه‌ڵبگرن، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی کە دادگای فیدڕاڵی یاسای نه‌وت‌و غازی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌و به‌ناده‌ستووری له‌قه‌ڵه‌میداوه".
له‌و ڕوه‌شه‌وه ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه ئاماژه‌ى به‌بڕیارى دادگای بازرگانی هەولێر كردووه كه وتویه‌تى:"یاسای نەوت‌و غازی هەرێم کوردستان ـ عێراق، ژمارە 22ی ساڵی 2007 لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانان لەهەرێم دەرچوێنراوەو دەسەڵاتەکانی پیادە بەپێی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 دەکات، هەروەها یاسای نەوت‌و غازی هەرێم ڕەوایەتی‌و دەستووریبوونی سەلمێنراوە لەبەیاننامەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم ژمارە (1511) لەڕێکەوتی 18ى 2022.
ته‌ئكید له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه، "بۆیە له‌سۆنگه‌ی دروستی گرێبه‌سته‌كان‌و جێبه‌جێكردنیان، داواكاری داواكار ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌و لەهەمانکاتدا سوودمه‌ند بووه له‌موڵكی گشتی‌و له‌گرێبه‌ستی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌نه‌وت‌و پێكهاته‌كانی سوودمه‌ند بووه".
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش هاتووه، بۆیه له‌ئه‌نجامی هه‌موو ئه‌و ورده‌كاریی‌و ڕونكردنه‌وانه‌دا دادگا ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌ركرد:
1ـ داواكاریی هیدایه‌ت حه‌مه‌د ڕه‌سوڵ ڕه‌تكراوه‌یه.
2ـ داواكاریی داواكار سه‌باره‌ت به‌داوالێكراوی دووه‌م كه به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگه‌پێدراوی كۆمپانیای (ADDAX)و ئه‌ركه‌كه‌یه‌تی به‌پشتبه‌ستن به‌مادده‌كانی (88، 89و 216)ى یاسای مورافه‌عات هه‌ڵوه‌شاوه‌یه.
3ـ داواكاری داواكار سه‌باره‌ت به‌داوای نه‌یاره‌تی نه‌كردن‌و دژایه‌تینه‌كردنی‌و چاوپۆشیلێكردنی هه‌ڵوه‌شاوه‌یه.
4ـ داواكار خه‌رجی‌و كرێی بریكارانی هه‌ردوو داوالێكراوی یه‌كه‌م‌و سێیه‌م كه بڕه‌كه‌ی 20 هه‌زار دیناره له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت‌و به‌یه‌كسانی به‌سه‌ریاندا دابه‌شده‌كرێت‌و بڕیاره‌کە شیاوی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و ته‌میزكردنه.
ش.هـ