عێراق بارانى ده‌ستكرد ده‌بارێنێت

عیراق

06/07/2022‌ 5803 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تى ژینگه‌ى عێراق زانیارییه‌كى گرنگ له‌باره‌ى ڕوبه‌ڕبونه‌وه‌ى وشكه‌ساڵى ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پەنا دەبه‌ینه‌به‌ر تەکنیکی بارانی دەستکرد".


وەزارەتی ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر عێراق وەک وشکەساڵی‌و بەبیابانیبون‌و شەپۆلەکانی خۆڵبارین، دەیانەوێت پەنا بەرنەبەر بەکارهێنانی تەکنیکی "بارانی دەستکرد".

جەختیشیکرده‌وه‌، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە سێ فاکتەر ڕۆڵی سەرەکییان تێدا هەیە.

جاسم فەلاحی وەزیری ژینگەی عێراق لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "سەباح"ی حکومیی وتویەتی:"بارانی دەستکرد یەکێکە لەو شتانەی بەشێک لەوڵاتانی جیهان بۆ  ڕوبەڕوبونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ڕویان تێکردووە، وەک وشکەساڵی‌و بیابانبوون‌و شەپۆلەکانی خۆڵبارین.

فەلاحی ئه‌وه‌شى وتووه‌، "وڵاتگەلێکی زۆر هەن کە ئەم تەکنیکە هەر تەنها بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەو سنوردارکردنی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا بەکارناهێنن، بەڵکو دەکرێت وەکو تاقیکردنەوەش سودی لێوەربگیرێت، بەوپێیەی چەندین بابەتی لێکۆڵینەوە هەیە دەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی یەکێک لەئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا لەکاتێکی دیاریکراودا سودی لێوەربگیرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا بەشی دارستان‌و بەرەنگاربونەوەی بیابانیبون لەوەزارەتی کشتوکاڵ دەستڕاگەیشتنی بەتەکنیکێک دیارینەکردوە کە لەڕێگەیەوە بتوانێت بەتەواوی پشت بەبارانێکی دەستکرد ببەستێت، بەوپێیەی سەرکەوتنی ئەو تەکنیکە پێویستی بەچەند تایبەتمەندییەکی پەیوەست بەشێ‌و بارودۆخی گونجاوی کەشوهەواو ئاراستەی باوە هەیە، کە ئەو سێ  فاکتەرە ڕادەی سەرکەوتنی بارانە دەستکردە دیاریدەکەن.

جەختیشیکردۆتەوە، حکومەتی عێراق لەپشتبەستن بەبەکارهێنانی بارانی دەستکرد بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەوڵات زۆر جدیە.