عێراق داهاتى مانگی رابردووی نەوت ئاشکرا دەکات

عیراق

01/08/2022‌ 348 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی نەوتی مانگی رابردووی عێراق بڕی 10 ملیار و 608 ملیۆن دۆلار بووە.

 وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ماڵپەڕی خۆی  بڵاویکردوە کە داهاتی مانگی تەمموزی رابردووی بڕی 10 ملیار و 608 ملیۆن دۆلار بووەو بڕی نەوتی هەناردە بریتی بووە لە 102 ملیۆن و 385 هەزار و49 بەرمیل.

وەزارەتى نەوت ئاماژەى بەوەشکردوە، تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت لەو مانگەدا 103 دۆلار بووە.

لەلایەکى دیکەوە محەمەد سەعدون، بەڕێوەبەری دەستەی توێژینەوەی بازاڕ و پلاندانانی ستراتیژیی لە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق-سۆمۆ بە میدیای فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق لەئێستادا كار بۆ زیادكردنی توانای هەناردەكردن دەكات و لەو چوارچێوەشدا مەبەستییەتی بەپێی پلانێک لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە بەبڕی ٨٥٠ هەزار بەرمیل نەوت زیاد بکات.

محەمەد سەعدون ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی كاراكردنەوەی بەندەری ئەلعەمەیە لە سنووری بەسرە و هەرکات کارکردن تێیدا تەواوبوو، ئەوا توانای هەناردەکردنی دەگاتە بڕی یەک ملیۆنی ڕۆژانە.

لە ئێستادا حکومەتی عێراق ڕۆژانە بڕی سێ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور هەناردەی دەرەوە دەکات، جگە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بەوەش بڕی نەوتی هەناردەكراوی ڕۆژانەی عێراق دەگاتە چوارملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت.

س.هـ