گه‌نده‌ڵیه‌كى گه‌وره‌ى به‌رپرسێكى دەستەی دەستپاکی ئاشكراده‌كرێت..شارپرێس ورده‌كارى بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

07/08/2022‌ 28462 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی باڵای دەستەی دەستپاکی تێوەگلاوە لەگەندەڵییەکی گەورەو شارپرێس وردەکاریەکەی ئاشکرادەکات، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمیش دەڵێت:"لیژنەی لەسەر دروستکراوەو لەڕۆژانی داهاتودا کەیسەکە یەکلایی دەکرێتەوە".


بەپێی ئەو زانیاریانەی شارپرێس لەسەرچاوەیەکی باڵای ئاگادارەوە دەستیکەوتوە، (ڤ. ج) بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی هەولێری دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بەگومانی زیادبونی نائاسایی سەرمایەو موڵک‌و ماڵی دارایی تۆمەتبارەو لەلایەن دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستانەوە چەند لیژنەیەکی تایبەتمەندی لەسەر دروستکراوەو لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

شارپرێس لەبەدواداچونەکانیدا ئەوەی دەستکەوتوە کە ئەو بەڕێوەبەرە گومان لەزیادبونی نائاسایی دارایی‌و سەروەت‌و سامانەکەی دەکرێت بەجۆرێک کە لەماوەیەکی کەمی دیایرکراودا بوەتە خاوەنی ڤێلاو خانوو موڵکی دیارو جیاواز لەوەش لەهەژماری بانکیدا زیاد لە 120 هەزار دۆلاری ئەمریکی زیاتر لەداهاتی خۆی لەهەژمارەکەیدایە، لیژنەکانی دەستپاکی پێیانوایە بەڕێگەی ناشەرعی‌و نایاسایی ئەم داراییەی کۆکردۆتەوە.

ئەو بەڕێوەبەرەی دەستەی دەستپاکی لەپشکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەدەستەکە دانراوەو بەپێی چەند سەرچاوەیەکی شارپرێس، لەچەند شوێنێکەوە هەوڵی ئەوە هەیە دەستوەردان لەدۆسیەکەی بکرێت‌و ئاسانکاریی یاسایی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی سزانەدرێت بەپێی یاسا بەرکارەکانی دەستەی دەستپاکی.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم لەلێدوانێکدا بۆ شارپرێس ئاشکرایکرد، لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ناوبراو بەردەوامن‌و ڕەنگە لەچەند ڕۆژی داهاتودا لیژنەكه‌ کۆتا بڕیاری خۆی بدات‌و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم ئەوەشی ئاشکراکرد، بڕیارەکانی لیژنەکە هەرچییەک بن وەک خۆیان جێبەجێدەکرێن جا ئایا دۆسیەکە ڕەوانەی دادگا بکرێت یان ئیجرائاتی دەستەی پێویست بێت ئێمە ئەنجامیدەدەین.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر ئەوەشی بۆ شارپرێس پشتڕاستکردەوە، کە ساڵانە فۆڕمی دەستپاکی تایبەت بەموڵک‌و دارایی بەبەرپرسان‌و کارمەندانی دەستەکه‌یان پڕدەکرێتەوەو هەرکات گومانیان لەکەسێک هەبوو لیژنه‌ى لەسەر دروستدەکەن بۆ گەیشتن بەڕاستیەکان‌و هەرکەس تێوەبگلێت لەگەندەڵییەوە لەدەستەکە دوردەخرێتەوەو دەدرێتە دادگا.