کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

عیراق

08/08/2022‌ 6299 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی فەرمیی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی دەنگۆی دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن کۆمسیۆنەکەیانەوە ڕونکردنەوەیەک بڵاوده‌كاته‌وه‌.


جەمانە غلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەلێدوانێکدا بەئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند، "کۆمسیۆنەکەیان دامەزراوەیەکی پیشەیی بێلایەنەو ئەو بڕیارانە جێبەجێدەکات کە لەبارەی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسیی‌و بابەتەکانی تری پەیوەست بەپڕۆسەی هەڵبژاردنەوە دەردەچن".

هەروەک وتویەتی:"بەپێی یاسای هەڵبژاردنی بەرکار، ئەنجومەنی کۆمسیاران بەرزترین دەسەڵاتی ناو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەو پەیوەندیدارە بەدیاریکردنی کات‌و ماوەی پێویست بەئەنجامدانی هەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن، ئەوەش دەبێت بەڕاوێژ لەگەڵ حکومەت ئەنجامبدات".

ئه‌وه‌شى وت:"تائێستا هیچ بڕیار یان بەیاننامەیەک لەلایەن ئەنجومەنەکەوە سەبارەت بەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەرنەچووە".

بەرپرسەکەی کۆمسیۆن باسى له‌وه‌شكردووه‌، "سەبارەت بەبودجەی هەڵبژاردنەکان، بەزۆری بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخاندەکرێت، کە لەوانەیە لەگەڵ یاسای بودجەی فیدراڵیدا بێت یان بەجیا بۆی تەرخانبکرێت، ئەمەش پێویستی بەدەرکردنی یاسا هەیە".

ده‌شڵێت:"ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان نەکردنی، یان کۆمسیۆنەکە ئامادەیی تێدایە پڕۆسەکە بەڕێوەبەرێت یان نا، پەیوەستە بەدەستەی کۆمیساریانەوە".

بەپەلە