محەمەدی حاجی مەحمود دژی داواکاریەکی ئەمریکاو هاوپەیمانیان مانۆڕێکی سەربازی ئەنجامدەدات

کوردستان

08/08/2022‌ 11862 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەبۆنەی 46مین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیەوە محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان مانۆڕێکی سەربازیی كه‌ تیایدا پێشمەرگەو هێزە سەربازیەکانی بەئۆتۆمبێل‌و چەک‌و کەرەستەی سەربازییەوە نمایشێکیان ئەنجامدا.


محەمەدی حاجی مەحمود لەمیانی بەڕێوەچونی مانۆڕی سەربازی حزبەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم نمایشەیان بۆ ئەوەیە خەڵک بزانن کە حزبەکەیان بۆ هەر ئەگەرو مەترسیەک كه‌ ڕوو لەهەرێم کوردستان بکات ئامادەیەو پێشمەرگەکانی حزبەکەی ئامادەی هەر بەرگریەکن لەخاکی کوردستان.

ئەم جوڵە سەربازیەی محەمەدی حاجی مەحمودو هێزی سەربازی حزبەکەی لەکاتێکدایە، تەنها دوو ڕۆژ بەر لەئێستاو دوای سەردانێکی فەرمی وەزیری پێشمەرگە بۆ واشنتۆن‌و کۆبونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکاو هاوپەیمانان یەکگرتنەوەی پێشمەرگەیان کردووە بەمەرجی پشتیوانییەکانیان بۆ پێشمەرگەو ئەگەر پرۆسەی چاکسازیی بەباشی نەڕوات بەڕێوە، کاریگەری لەسەر ھاوکارییەکان دەبێت، هاوکاریە سەربازیی‌و لۆجستیەکانیان لەپێشمەرگە دەگرنەوە.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە ئەوەشی ئاشکراکرد، "چاکسازیی لەناو پێشمەرگە لەپێشینەی کارەکانەو ھاوپەیمانان پێداگریی زۆر دەکەن کە ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی ڕێکخراو بێت‌و دەستوەردانی حزبی تیادا کەمبکرێتەوە ئەوەشیان کردوە بەمەرج بۆ بەردەوامی هاوکاریەکانیان بۆمان".

لەلایەکی ترەوە جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى پێشوى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ڕایگه‌یاند، "ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان له‌ڕوى لۆجستى‌و سه‌ربازیى‌و داراییه‌وه‌ هاوكارى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن‌و ده‌یانه‌وێت یه‌ك هێزى یه‌كگرتوو هه‌بێت، به‌ڵام پرۆسه‌ى یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌ زۆر به‌خاوى به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

یاوەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئه‌مریكا له‌ئه‌فغانستان چه‌ندان ملیار دۆلارى خه‌رجكرد كه‌ وه‌ك پێویست ئه‌و وڵاته‌ به‌ده‌میه‌وه‌ نه‌چوون، سه‌ره‌نجامیش به‌جێیهێشت، بۆیه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ئه‌مریكا له‌عێراق‌و هه‌رێم نامێنێته‌وه‌و داواكارى ئه‌وان هێزێكى یه‌كگرتوى پێشمه‌رگه‌یه کە لەئێستادا هیچ هەنگاوێکی گرنگی بۆ نەنراوە".

چاودێران پێیانوایە، ئەنجامدانی مانۆڕو نمایشی سەربازیی لەلایەن هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانەوە کاریگەری خراپی دەبێت بۆ تێڕوانینی ئەمریکاو هاوپەیمانان‌و پێدەچیت بیرکردنەوە لەوەستاندنی پشتیوانی بۆ هێزی پێشمەرگە ببێتە یەکێک لەبژارەدەکانیان، چونکە ساڵانێکە ئەوان پێداگرن لەوەی، هێزەکانی یەکێتی‌و پارتی لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆببنەوە نەک ئەوەی هێزە سیاسیەکان تریش خاوەنی هێزبن‌و هەریەکەو لەناوچەیەکەوە نمایشی سەربازیی خۆی ئەنجامبدات‌و هێزی خۆی تاقی بکاتەوە.