کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی داوای بەهاناوەچوون لە حکومەت دەکات

کوردستان

09/08/2022‌ 4568 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 خاوەن کارگەکان کە عەلەف بەرهەم دێنن پشتیان بەهێزە و کەسانی دەستڕۆشتوویان لەگەڵدایە چونکە هیچکات عەلەف هەرزان ناکەن و هەرگیز توشی زەرەر و زیان نابن لەکاتێکدا خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان ٪۸٠یان توشی زیان بوون.

نازم عبدوڵا جاف سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی بە شارپرێسی رایگەیاند، ئەگەر پێداویستییەکانی دروستکردنی عەلەفیش هەرزان ببێت، کارگەکانی بەرهەم هێنانی عەلەف بەردەوام نرخی عەلەف لەسەر خاوەن پرۆژەکانی بەرهەم هێنانی مریشک زیاد دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر تۆنێک عەلەفی سۆیا بە ۷۷٠ دۆلار بووە ئێستا بووە بە ۷۳٠ دۆلار و تۆنێک رۆن زەیت بە دووهەزار و ۲٠٠ دۆلار بووە ئێستا بە هەزار و ٥٠٠ دۆلارە تۆنێک گەنمەشامی بە ٥۱٠ دۆلار بووە ئێستا بە ٤۳٠ دۆلارە و گەنم تۆنی بە ۸٤٠ هەزار دیناربووە ئێستا بە ۷۲٠ هەزار دینارە لەگەڵ ئەو هەرزانبونەدا ئەبوایە هەرتۆنێک عەلەف ۱٠٠ دۆلار هەرزان بووایە.

 سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی وتیشى، بەهۆی ئەوەی خاوەن کارگەکانی عەلەف چاودێرییان لەسەر نییە بۆیە وەک کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی و گەرمیان و ئیدارەی راپەرین و هەڵەبجە بیرکردنەوەمان وایە ئەو خاوەن کارگانەی عەلەف بەرهەم دێنن پشتیان بەهێزە و کەسانی دەستڕۆشتوویان لەگەڵدایە چونکە هیچکات عەلەف هەرزان ناکەنو هەرگیز توشی زەرەر و زیان نابن لەکاتێکدا خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان ٪۸٠یان توشی زیان بوون.

هەروەها، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەکات بەپەلە بێتە سەرخەت و کێشەی عەلەف چارەسەر بکات چونکە هەموو کێڵگە پەلەوەریەکان مۆڵەتیان لە وەزارەتی کشتوکاڵ وەرگرتووە و ئەگەر بەدەیانەوە نەیەن بەناچاری کێگەکانی بەرهەم هێنانی مریشک بەرەو داخستن دەڕۆن.

‎نازم جاف روونشیدەکاتەوە ئەگەر حکومەت پشتیوانی لەبەرهەمی ناوخۆی دەکات و دەیەوێت دەرفەتی کار زیاتر بێت با پشتیوانییان بکات چونکە بەرهەمی مریشک ئەوەندە زۆرە دەتوانین هەناردەی دەرەوەی عێراقیشی بکەین بەڵام لەگەڵ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی مریشکی بەست و ئێستا لەبازاڕەکاندا بڕێکی زۆر دەفرۆشرێت و ‎داواش دەکەن حکومەت بیکاتە مەرج بۆ ئەو شوێنانەی مریشک بەکار دەهێنن بەرهەمی ناوخۆی بێت تاوەک پشتیوانیەک بۆ خاوەن کێڵگەکان بێت.

س.هـ