سامسۆنگ مۆبایلی Galaxy A23 5G بەتایبەتمەندی بەرزو نرخێکی هەرزان دەخاتە بازاڕەوە

هەمەڕەنگ

10/08/2022‌ 364 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی پێگەی "جیهانی تەکنەلۆژیا"ی تایبەتمەند بەهەواڵە تەکنەلۆژییەکان، دوای ئەوەی لەمانگی ئازاری ڕابردوو کۆمپانیای سامسۆنگ پەردەی لەسەر مۆبایلی هۆشمەندی Galaxy A23 لادا، ئێستاش ئامادەکاریی دەکات بۆئەوەی ڤێرژنی G5ی مۆبایلەکە بخاتە بازاڕەوە.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بەپێگەکەیان ڕاگەیاندووە، مۆبایلی Galaxy A23 5G یادگەیەکی ناوخۆیی 64 گێگابایتی هەیە کە بەلانیکەم بەسێ ڕەنگەوە دەردەکرێت‌و نرخەکەشی لەدەوروبەری  300 دۆلاردا دەبێت.

هەرچی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی تری مۆبایلەکەن باس لەوەدەکرێت، پاترییەکی گەورەی هەیە کە هێزی 5000 میلی ئەمپێری هەیە لەگەڵ تەکنیکی خێرا بارگاویکردنەوە بەگوڕی 25 وات، ئەوە جگە لەبوونی تەکنیکی Bluetooth 5.0و microSDو تەکنیکی پارەدانی ئەلیکترۆنی NFC بەشێوەیەک لەو بازاڕانەی لێی دەفرۆشرێت پشتی پێدەبەسترێت‌و کاری پێدەکرێت.

مەزەندە دەکرێت سامسۆنگ سەرەتا مۆبایلەکە لەو وڵاتانە بەردەست بخات کە نەوەی پێنجەمی تۆڕەکانی پەیوەندییکردنیان بەگەڕخستووە، کە یەکێکیان ئەوروپایە، ئەوە جگە لەبازاڕی هیندستان‌و ئەمریکاو کۆریای باشوور، بەوپێیەی ئەو وڵاتانە پێشکەوتووترین تۆڕی G5 یان هەیە.

و: ئاکۆ ئاڵی