سه‌ركرده‌یه‌كى كورد هه‌واڵێكى گرنگ ئاشكراده‌كات

کوردستان

13/08/2022‌ 9773 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ساڵح موسلیم یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان زانیارییه‌كى گرنگ له‌باره‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى توركیا بۆسه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "تورکیا لەهێرشەکەی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان پاشگەزبۆتەوە"، ده‌شڵێت:"هۆكاره‌كه‌ش پوتنه‌و به‌هیچ داواكاریه‌كى توركیا ڕازیی نه‌بوه‌".


ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) به‌ماڵپەڕی هەواڵی ئەمریکی "مۆنیتەر"ى وتووه‌، "ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گریمانکراوەکەی تورکیا سەر ڕۆژئاوای کودستان هەڵوەشێنراوەتەوە، لەبەرئەوەی ڤلادیمر پوتنی سەرۆکی ڕوسیا نە لەلوتکەی تاران‌و نە لەدیدارەکەی سوچیش، ڕەزامەندیی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی تورکیا بۆ سەر کوردانی سوریا دەرنەبڕیوە".

بەوتەی موسلیم، "بونی چەندین هێز لەناوچەکەدا لەوانە هێزی ڕوسیاو سوریاو چەند هێزی دیكه‌ له‌باكورو باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا، ڕێگریی بۆ تورکیا دروستکردوە بۆئەوەی هێرشبکاتەسەر ناوچەکە".

موسلیم لەچاوپێکەوتنەکەیدا باسی لەوەکردوە، "هەرچەندە ئاماژەکان ئەوەیان لێ دەخوێنرێتەوە تورکیا لەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان پاشگەزبوبێتەوە، بەڵام بەوپێیەی ئەردۆغان کەسایەتییەکی ناجێگیریی هەیە، بۆیە هەموکات مەترسیی هەیە فەرمانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی لەدژی کوردەکانی سوریا دەربکات".

سەبارەت به‌دانوستانەكانی نێوان كوردانی ڕۆژئاواو حكومەتی ناوەندیی سوریا ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان وتویه‌تى:"له‌ماوەی دانوستانەكانی نێوان هەردولا هیچ گفتوگۆیەكی سیاسیی نەبوه‌و ئەوەی ڕویدا تەنها دانوستان بوە لەسەر پرسی سەربازیی".

ده‌شڵێت، "بەهۆی سوربونی ڕژێمی سوریا لەسەر كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی ناوچەكانی ڕۆژئاوای کوردستان، دانوستانەكانی نێوان كوردو دیمەشق هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆیەوە نەبینیوە".

جەختیشیكردۆته‌وه‌، "کوردەکان ڕەخنەو سەرنجیان  هەیە سەبارەت بەشێوازی ئیدارەدانی سوریا".

لەبەشێکی تری قسەکانیدا ساڵح موسلیم له‌باره‌ى پەیوەندیی نێوان كوردی سوریاو ئەمریكا لێدوانی داوەو ڕایگەیاندوە، ئەم پەیوەندییە پەیوەستە بەشەڕ دژى داعش، كوردیش چاوەڕێی ئەوە ناكات ئەمریكا بیانپارێزێت، بەڵكو كورد بۆ پاراستنی خۆی، تەنها پشت بەخۆی دەبەستێت".