شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی چه‌ند پرسێكى هه‌ستیار په‌یوه‌ست به‌باشورو ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان خۆیان ئامۆژگارییان کردین کە دوو هێزی سەربازیی لەڕۆژئاوای کوردستان بونى نه‌بێت"، ده‌شڵێت:"بەپێی ئەو زانیارییانەی ده‌ستمانكه‌وتون، دیمەشق بەتورکیای وتوه لەخاکی سوریا بکشێتەوە واتە سوریا مەرجەکانی خۆی دیاریکردوەو بەپێی ئەو مەرجانەش تەسلیمی توركيا نابێت".
له‌دیدارێكى تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ شارپرێس، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی ڕایگه‌یاند، "مەحاڵە حکومەتی دیمەشق‌و ئەنكەرە بگه‌نه ڕێكه‌وتن".
ده‌شڵێت:"فیدراڵیى باشور (هه‌رێم)ى کوردستان دەستکەوتێکەو دەیپارێزن، به‌ڵام بۆ بونى دوو هێزى چه‌كدار له‌ڕۆژئاوا، پێشتر دەسەڵاتدارانی باشور خۆیان ئامۆژگارییان کردین کە نابێت دوو هێزی سەربازیی لەڕۆژئاوا هەبێت".
موسلیم له‌و دیداره تایبه‌ته‌دا له‌گه‌ڵ شارپرێس ئاشكرایده‌كات، ژماره‌یه‌ك وڵاتى عه‌ره‌بى خه‌ریكى دروستكردنى كه‌مپ‌و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونن بۆ گروپه تیرۆریستیه‌كانى به‌ره‌ى نوسره‌و داعش كه له‌عه‌فرین نیشته‌جێن.
به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ى ساڵح موسلیمه په‌یوه‌سته به‌پەیوەندیەکانی ڕۆژئاواى كوردستان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان لەهەر چوار به‌شى كوردستان‌و لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی‌و ئێران‌و ڕوسیا.
هاوكات هه‌ر له‌م دیداره‌دا، ساڵح موسلیم په‌یامێكى مه‌سعود بارزانى ئاشكراده‌كات كه له‌ساڵى 2012دا به‌ڕۆژئاواى كوردستانى وتوه.
ده‌قى دیداره‌كه:
شارپرێس: کۆبونەوەکانی نێوان حکومەتی دیمەشق‌و ئەنكەرە ئێستا باسى له‌باره‌وه ده‌كرێت، دەسەڵاتدارانی تورکیاش لەو چوارچێوەیەدا چەند لێدوانێکیانداوەو باس لەڕێککەوتن دەکەن، ئایا دەکرێت ڕێککەوتنێک لەنێوان دیمەشق‌و ئەنكەرەدا بکرێت، تاچه‌ند ئەمە مەترسیه بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان؟
موسلیم: سه‌ره‌تا سڵاو‌و ڕێز بۆ ئێوه کە ڕێگەتاندام قسە بۆ گەلەکەم بکەم... به‌ڵێ بێگومان پێش هەموو شتێک تورکیا دەیەوێت بەهەموو شێوەیەک گەلی کورد لەناوببات، لەهەرکوێیەک بێت، هەرکاتێک تورکیا قسه‌ده‌كات هەموو وێرانکارییەکی دژى کورد ئه‌نجامده‌دات، ئیتر بۆ تورکیا هیچ جیاوازییەک لەنێوان کوردانی (باکور، باشور‌و ڕۆژئاوا)دا نییە، بۆیە پلانیان هەیە لەم چوارچێوەیەدا، بەمدواییانەش ده‌بینن دۆزی کورد لەئاستی نێودەوڵەتیدا گەشەدەکات‌و لەبەرخۆدانیشدا سەرکەوتوە، ئیتر ئه‌وانه هۆكارن كه پێیان قبوڵ نه‌كرێت.
نمونه‌یه‌كى زیندوتر ئه‌وه‌یه، ماوه‌ى 7 ساڵە تورکیا شەڕی دژی کورد ڕاگه‌یاندوه، تورکیا ڕۆژ بەڕۆژ لەکەوتندایه، هەم لەسیاسەت‌و هەمیش لەڕوی دیپلۆماسی‌و هەمیش لەڕوی ئەو خەبات‌و بەرخۆدانەی کە گەلی کورد پەیڕەوی دەکات، توركیاى توشى كێشه‌ى گه‌وره كردوه‌و ئێستاش به‌دواى هاوپه‌یمانى نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌دژى كورد ئه‌وه‌ى ده‌توانێت بیكات.
شارپرێس: تا چه‌ند ده‌كرێت به‌كۆبونه‌وه‌كانى ئاستانه بوترێت دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌یه كه تۆ باسى ده‌كه‌یت، واته هاوپه‌یمانى توركیا دژى كورد؟
موسلیم: بێگومان كۆبونه‌وه‌ى ئاستانە گه‌وره‌ترین دژایه‌تى كوردبوو، لەئاستانە، (ئێران، ڕوسیا‌و تورکیا)شى تێدایه، له‌ڕێگه‌ى ڕوسیاوه سوریاشى تێدایه، هه‌موو ئه‌وانه‌شى له‌ئاستانە وتراوه سەرکوتكردنى پرسى كورده.
سەرەڕای ئەوەش لەماوەی ڕابردودا کۆبونەوەی نێوان دیمەشق‌و ئەنكەرە کەمنەبون، وا ئێستا كراوه به‌پرسێكى زۆر گه‌وره، لەئاستی هەواڵگریدا ئێمه ده‌زانین پێشتر لەدیمەشق کۆبونەوە کراوەو لەمۆسکۆش به‌هه‌مانشێوه کۆبونەوە ئەنجامدراوە، بەڵام بەمدواییانە، کاتێک ئەم کۆبونەوەیە ئاشکراکرا، دەیانەوێت کاریگەری زیاتریان هەبێت، ئێمەش قسه‌ى سه‌ره‌تاو كۆتاییمانه، گوێ به‌و كۆبونه‌وانه ناده‌ین‌و بەرگری دەکەین، بەرخۆدانی ئێمەش بەرخۆدانێکی ڕەوایە، واتە ئەوەی هێرشبکات، ئێمە دەتوانین بەپێی دەرفەتەکانمان بەرخۆدان بکەین‌و تێ‌بکۆشین.
وه‌كو ئه‌گه‌ر پێمانوایه، ئه‌گه‌ر هه‌یه تورکیا‌و سوریا دەتوانن یەکبگرن، به‌ڵام بۆ هێرشكردنه‌سه‌رمان ئه‌وه‌یان ئه‌گه‌رێكى کەمێک دورە، ئێمە بەرگریی دەکەین‌و له‌ڕوى سەربازیشەوە ئامادەکاریمان هەیە، لەلایەکی دیکەوە بەوتەی بەرپرسانی سەربازیمان، بەهەموو شێوەیەک ئامادەکاری هەیەو شەرعییەت بەبەرخۆدان دەدەین.
لەلایەکی دیکەوە كێشه‌یه‌كى گه‌وره له‌نێوان سوریا‌و توركیادا هه‌یه، به‌تایبه‌ت بەگوێره‌ى ئەو زانیارییانەی ده‌ست ئێمه كه‌وتون، بەر لەهەموو شتێک دیمەشق بەتورکیای وتوه، ئه‌و چه‌كدارو گروپه توندڕه‌وو تیرۆریستیانه لەخاکی سوریا بکشێنەوە، واتە سوریا مەرجەکانی خۆی دیاریکردوەو بەگوێره‌ى ئەو مەرجانەش بێت، سوریا تەسلیمی توركیا نابێت.
شارپرێس: كه‌واته سوریا هه‌ڵوێستى چى ده‌بێت له‌باره‌ى ئه‌و قسه‌یه‌ى توركیا كه ده‌ڵێت 30 كیلۆمه‌تر دێینه خاكى سوریا به‌بیانوى دروستكردنى ناوچه‌ى ئارام؟
موسلیم: کاتێک تورکیا دەڵێت ئێمە 30 کیلۆمەتر لەسنورەوە ئازادین‌و دەتوانین بچینه پێشه‌وه، له‌ڕاستیدا ده‌یانه‌وێت ڕۆژئاواى كوردستان‌و سوریا داگیربكه‌ن، توركیا مه‌به‌ستیه‌تى هه‌موو ڕۆژئاواى كوردستان داگیربكات، نازانین سوریا هه‌ڵوێستى چییه، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان ئەمە قبوڵناكرێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه نە گەلی سوریا‌و نه گه‌لى كوردیش ئه‌مه قبوڵناكه‌ن، هه‌رچه‌ند چاوەڕوانیش ناکەم ڕژێمی سوریا بوێری ئەوە بکات لەبەردەم خەڵکدا ئەمە بڵێت كه ڕازیه به‌و داگیركاریه.
شارپرێس: ئه‌وه‌نده‌ى له‌قسه‌كانتان گه‌یشتم، ده‌تانه‌وێت بڵێن ئەستەمە لەئێستادا تورکیا‌و سوریا بگه‌نه ڕێكه‌وتن؟
موسلیم: ئاشتەوایی قورسە له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا، چونکە ئەگەر سوریا مەرجی تورکیا قبوڵبکات، بەو مانایە دێت کە سوریا چەتەکان‌و داگیرکارییەکانی تورکیا قبوڵدەکات، بۆیە سوریا خۆی ئەم دۆخەی ئێستای داگیرکاریی‌و چەتەکانى پێخۆش نییه، بەواتایەکی تر ئەگەر سوریا مەرجی تورکیا قبوڵبکات، سوریا تێکشکاوه‌و ئەگەر تورکیا مەرجی سوریا قبوڵبکات ئەوا تورکیا به‌زیوه، بۆیە من پێشبینی ئەوە ناکەم دیمەشق‌و ئەنكەرە لەسەر خاڵێکی هاوبەش ڕێکبکەون.
شارپرێس: بەڕێز موسلیم بابچینەسەر پرسی هێرشەکان دژی ڕۆژئاوای کوردستان دوای کۆبونەوەی سێ قۆڵی ڕوسیا‌و ئێران‌و تورکیا لەتاران، ئێستا هێرشى فڕۆكه بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان زیادیانکردوه‌و چەندین هاوڵاتی‌و فەرماندەی سەربازیی شەهیدبون، ئایا ئەمە بەپیلانێکی هاوبەش لەدژی ڕۆژئاوا وەسفناکەیت؟
موسلیم: بەڵێ کاتێک لەتاران دانیشتبون هەموان قسەی خۆیان کرد، بەڵام لەسەر هیچ شتێک ڕێکنەکەوتن، واتە لەسەر جینۆساید‌و لەناوچونی کورد هاوڕانه‌بون، هەرچۆنێک بێت ئەوە ڕونە کە بەتورکیا وتراوە تۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاربهێنه‌و خەڵک بكوژه‌و ئێمەش چاو لەمە دەگرین‌و بەردەوامبه لەهێرشەکانت، بەڵام دەبێت هه‌موانیش لەوەبگه‌ن ڕەتکردنەوەی جینۆسایدى كورد لەپێناو کورد نه‌بوه، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خۆیانە.
شارپرێس: واتە ئەگەر ڕێگە بەتورکیا بدرێت هێرشێکی بەرفراوان ئەنجامبدات، ئەوا زیان بەهەمولایەک دەگەیەنێت؟
موسلیم: بەڵێ، زیان بەهەمولایەک دەگەیەنێت، بۆیە ناهێڵن تورکیا هێرشێکی بەرفراوان بکاتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان.
شارپرێس: لەمانگی ئابدا بەمیدیاکانت ڕاگەیاند کە تورکیا ڕێگەی پێنەدراوە هێرشێکی بەرفراوان بکاتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئایا پێت وتراوە کە تورکیا هێرشناکات یان لەسەر چ بنەمایەکی ئەمەت وتوە؟
موسلیم: ئێستا دوو شت هەیە کە دەڵێین، پێش هەموو شتێک شیکردنەوەی ئێمە بۆ دۆخی سیاسی، کاتێک سەیری کەسێک دەکەیت سورە لەسەر هێرشکردن، باری گشتی دەبێت بۆی گونجاو بێت، دوەمیش: ئێمە ئامادەکاریمان هەیە، ئەو شوێنانەی کە توركیا دەڵێت دەچمه ناوى، هه‌موو ئەو ناوچانەو هێزە بەرگریکارەکانمان‌و گەلەکەمان ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر، مەسەلەکە ئاسان نییە، توركیا ده‌بێت بزانێت ناچێت بۆ خاكێكى به‌تاڵ، بەڵکو خەبات‌و بەرخۆدانێک ده‌بینێت به‌رامبه‌ر خۆى، بۆیە دەبێت ئەو لایەنەی دەیەوێت هێرشبکات هەموو ئەمانە لەبەرچاو بگرێت‌و لەسەر ئەم بنەمایەش دەڵێین ئەستەمە هێرشبکرێتەسەر ڕۆژئاواى كوردستان.
شارپرێس: چەندین سەربازیی حکومەتی دیمەشق لەهێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیا کوژراون، بەڵام حکومەتی دیمەشق‌و ڕوسیاش هیچ هەڵوێستێکیان نیشان نه‌دا چۆن ئەمە دەبینیت؟
موسلیم: بڵاوبونەوەی سەربازانى حکومەتی دیمەشق‌و زیادبونی ژمارەیان لەڕۆژئاوای کوردستان لەچوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ساڵی 2019دایە، لەساڵی 2019 دوای سەرێکانی دوو هاوپەیمانی پێکهات‌و یەکێكیان لەلایەن تورکیا‌و ئەمریکاو یەکێکیش لەلایەن تورکیا‌و ڕوسیاوە، لەوکاتەدا وتمان دەبێت سەروەریی سوریا بپارێزرێت، هێزەکانی سوریا دەتوانن بێنە سنوورەکەمان‌و پێکەوە ئەم سنورەو سەروەرییەکانی سوریا بپارێزین لەو چوارچێوەیەدا چەند سەربازێکیان گەیشتونەتە ئەمدواییانە، کاتێکیش هەڕەشەکە زیاتربوو، هێزە سەربازییەکانمان‌و حکومەتی دیمەشق ڕازیبون کە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لەسەر سنورەکان زیادبکرێن، بەڵام دەبینین سوریا بەسەربازەکانی وتوە، ئێوە لەوێ دەبن، بەڵام شەڕ لەگەڵ تورکیا مەکەن.
واته ئێمه ئه‌وه باش ده‌بینین حکومەتی دیمەشق هیچ بڕیارێکی سیاسی نییە بۆ پاراستنی خۆی، بەداخەوە حکومەتی دیمەشق وەڵامی ئەو هێرشانە ناداتەوە کە لەلایەن دوژمنانەوە دەکرێتەسەر خۆی، سەربازانی حکومەتی دیمەشق هاتونەتەسەر سنور، نەک بۆ پاراستنی گەل‌و ناوچەکەو شەڕی دوژمنان، ئەو هێزانەشی لەسەر سنورن هێزی شه‌ڕكه‌رنین، بەڵکو هێزەکانی پاراستنی سیاسین.
شارپرێس: ساڵح موسلیم بەسیاسەتمەداری جیهانیى ناسراوە، سەردانی زۆرێک لەپایتەختەکانی جیهانت کردوە، پرسیاره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بێدەنگی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
موسلیم: ئەم هەڵوێستەی هێزە نێودەوڵەتییەکان ڕاست نییە، ڕاستە لێرە تێکۆشانێک هەیە بۆ بونمان، بەڵام لەهەمانکاتیشدا ئێمە پارێزگاری لەبەها نێونەتەوەیی‌و مرۆییەکانیش دەکەین، ئه‌ویش ئەوەیە کە زۆر خەمی بەرژەوەندی دەوڵەتەکانمانە، بەبڕوای ئێمە، ئەمە ڕاست نییە.
کاتێک ئێمه ناسراین، کاتێک بینیان بوینە بەربەستێک بۆ تیرۆریزم‌و داعش کە ڕێگەمان پێنەدان زیاتر بڵاوبنه‌وه وتیان کورد باشبووەو پشتیوانیدەکەین، بەڵام تائێستا ئەوەی سەد ساڵ لەمەوبه‌ر بەرامبەر بەکورد پەسەندکراوە تائێستا ئه‌وه‌ى گرنگ نییە کورده، گه‌لى كورد نه‌بۆته خەمی كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى زۆر بەداخەوە.
بۆ نمونه، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لەکوێوە دێن‌و خەڵک دەکوژن؟ ئه‌مه ده‌ستى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى تێدایه، بەشێک له‌پارچه‌كانى ئه‌و فرۆكانه لە(ئەڵمانیا، کەنەدا، ئەمریکاو ئەوروپاو به‌ریتانیا)وه به‌توركیا گه‌یشتون‌و توركیاش هەموو بەشەکانی کۆکردۆته‌وه‌و لەئەنجامیشدا گەلەکەمان دەکوژێت، كه‌واته ببینن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ئه‌و پارچه یه‌ده‌گانه به‌توركیا ده‌فرۆشن‌و بۆیان گرنگ نییه له‌دژى كورد به‌كارده‌هێنرێت یان نا.
شارپرێس: له‌به‌رامبه‌ر هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئێوە وەک حزبێکی سیاسی، هه‌ڵوێستى حکومەتی هه‌رێمى کوردستان چۆن دەبینن؟
موسلیم: بێگومان ئێمە لەباشوری کوردستان هیوامان هەیە، چونکە ئەوانیش بەشێکن له‌كێشه‌كه، بەبڕوای ئێمە هێشتا باشور باش لەوە تێنەگەیشتوە ئەو دوژمنە ستراتیژییەی کە دەیەوێت گەلی کورد لەناوببات، ئه‌وه تورکیایه، تورکیا بەڕێگه‌ی فریودەرانە یان بۆ بەرژەوەندی یان بۆ شتێکی تر گەلەکەمان فریو دەدات‌و به‌داخه‌وه به‌شێك له‌گه‌لى ئێمه له‌باشور هاوکاری تورکیا دەکات، ئەوەش ڕاست نییە، بێگومان ئەوەی لەوێ ڕویدا وەک فیدراڵی دەستکەوتێکە بۆ هەموو گەلی کورد‌و ئێمەش ئەم ده‌ستكه‌وته دەپارێزین، بەڵام نەک لەباوەشی دوژمن‌دا، ڕەنگە هەندێک لەحکومەتی باشوری کوردستان لەمە تێبگەن، بەڵام هەمویان نا.
زۆر به‌داخه‌وه ئەوەی ئێستا ده‌گوزه‌رێت له‌باشورى كوردستان لەبەرژەوەندی گەلی کورددا نییە، ئێمه هیوامان به‌حکومەتی هه‌رێم گەورەترە، به‌ڵام نایشارینه‌وه تائێستا ئەم هیوایە بەدینەهاتوە، بۆیە پێویستە حکومەتی هه‌رێم هه‌م دۆست‌و هه‌میش دوژمن بناسێت‌و ستراتیژیانە بیربکاتەوە.
ئێمه ناڵێین حكومه‌تى هه‌رێم په‌یوه‌ندیی به‌توركیاوه نه‌بێت، نا ئێمە دەمانەوێت حکومەتی باشور ئەوەندەی تر پەیوەندی لەگەڵ تورکیا هەبێت، بەڵام پیلانەکانی تورکیا بناسێت‌و ئاگاداریان بێت بۆ نمونه (شنگال، که‌مپی شه‌هید ڕۆسته‌م جودى له‌مه‌خمورو چیاکان)، هەموو ئەمانە یارین، بیرمان نەچێت کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەمیشە دوبارەی دەکەنەوەو دەڵێن، نابێت ئەو هەڵەیەی لەوێ کردومانە دوبارەى بکەینەوە، ئەوەش بەو مانایە دێت کە بێدەنگی تورکیا لەدژی فیدراڵیزم لەباشوری کوردستان بەهەڵەی خۆی دەبینێت.
کاتێک تورکیا دەرفەتەکە دەبینێت چی دەگەیەنێت، هەڵەی خۆی ڕاستدەکاتەوە، تورکیا خۆی دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە ئەم هەڵەیە ڕاستبکەینەوە، ڕاستکردنەوەی هەڵەکەش بەپێی تێگەیشتنی تورکیا لەناوچوونی فیدراڵییە، بۆیە پێویستە حکومەتی باشووری کوردستان‌و گەلەکەمان لەباشوور ئەمە بزانن‌و ستراتیژیانە بیربکەنەوە.
شارپرێس: ئەو هێزەى بە"پێشمەرگەی ڕۆژ" ناسراوه کە ئه‌نه‌كه‌سه له‌ڕۆژئاوا دەڵێت هێزی سەربازی ئێمەیەو زۆرجاریش دەڵێت دەیانەوێت بچنە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نەیهێشتوە، چیتان هه‌یه له‌وباره‌یه‌وه؟
موسلیم: ئێستا کێ ئەم دەسەڵاتەی دروستکردووە؟ کێ ڕاهێنانی کردووە؟ کێ ئەو هەلەی پێدا؟ داود ئۆغڵو، لەوکاتەدا کە تورکیا بەجێدەهێڵێت‌و لەگەڵ پێشمەرگەکانی ڕۆژدا دێت‌و کاربەدەستان‌و سەربازانی تورک مەشق بەپێشمەرگەکانی ڕۆژ دەکەن، ئایا تورکیا مەشق بەمانە دەکات بۆ ڕزگارکردنی کوردستان؟ بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد؟.
تورکیا ئێستا ئه‌و هێزه بەکاردەهێنێت‌و فەرماندەکانی تورکیا لەسەریان وەستاون‌و لەژێر فەرمانی تورکیادان‌و موچەکانیان لەلایەن تورکیاوە دەدرێت، تورکیا لەئێستادا ئەو هێزه بەکاردێنێت لەناوچەکانی پاراستنی میدیا، ئێستا لەگەڵ سوپای تورکدان ئه‌و هێزه، بۆیە ئەم هێزە سودی خۆی بۆ کورد دەبێت نازانم!؟ ئەگەر ئەم هێزەیان لەگەنجانی ڕۆژاڤا دروستکردووە، تکایە با لێرە لەڕۆژئاوا پێکەوە شەڕبکەین ئێمە شەڕدەکەین بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خاكمان.
كاتى خۆى دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان خۆیان ئامۆژگاری ئێمەیان کرد، وتیان: با لەڕۆژئاوا دوو هێزی سەربازیی نەبێت، ئێمه‌ش تائێستا باجمان بۆ ئەوەداوەو تائێستا زۆرکەس لەگەلەکەمان شەهیدبون، ئێمه خاوه‌نى هێزێكین (عەرەب، سریانی‌و کورد)و نه‌ته‌وه‌كانى دیكه‌ش له‌خۆده‌گرێت، ئێمه پێکەوە شەڕدەکەین، بۆیه ئه‌و هێزه‌ش ده‌توانێت بێن‌و له‌گه‌ڵمان ڕێكبكه‌ون‌و له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و هێزه نیزامیه‌ى هه‌یه بێن‌و خه‌بات بكه‌ن، بەڵام ئه‌وان قبوڵی ناکەن، ئەوان دەڵێن ئێمه خۆمان ده‌بین‌و فه‌رمان له‌كه‌س وه‌رناگرین، ئه‌مه‌ش واتاى ئه‌وه‌ى بەشێک لەخاکەکە دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئه‌وان‌و به‌شێكیش ئێمه، كه‌واته چى ڕویدا؟ دابەشبونی کورد له‌ڕۆژئاواى كوردستان.
شارپرێس: پەیوەندیەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ حزبە کوردییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان بەتایبەتی لەگەڵ پارتی‌و یەکێتیدا چین؟
موسلیم: ئێستا بۆ ئێمە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات‌و باکورو باشور‌و ڕۆژئاوا وەک یەک ماڵ دەبینین لەڕووی ستراتیجیەوە، ئێمە هەموومان پێکەوەین.
شارپرێس: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌بوو پەیوەندیتان هەیە؟
موسلیم: ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموویان هەیەو هاوڕێیەتیمان دەوێت، هەندێک هەن بەهۆی ترس‌و حسابەوە نزیکمان نابنەوە، دیاره ئه‌وان به‌وه دڵخۆشن، هه‌رچه‌ند پێشتر پەیوەندیمان هەبووەو ئێستاش دەمانەوێت دووبارە ئه‌و په‌یوه‌ندیانه بونیان هه‌ێت، ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان نەک هەر دژایەتیمان دەکات، بەڵکو دژایەتی کوردیش دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی هەبێت‌و ستراتیژیانە بیر لەیەکتری بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە هەر دامەزراوەیەک کە ئێمه کاری تێدادەکەین، ئه‌وان خۆیانى لێ بەدوردەگرن.
شارپرێس: هەڵوێستی یەکێتی‌و پارتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان چییەو چۆن ئەم هەڵوێستە دەبینن؟
موسلیم: پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی‌و هەموو حزبەکانی ئێمە لەباشوری کوردستان هەڵوێستی باشیان هەیە، بەڵام ڕه‌خنه‌و تێبینیمان له‌سه‌ر پارتى زیاتره، هه‌رچه‌ند پێمانوایه دەتوانین گفتوگۆ بکەین، بەڵام کاتێک دەگاتە ئاستی ئۆپۆزسیۆن، ئەمە کەمێک قورسە لەساڵی 2012دا بیرمە کاتێک داوایەکم بۆ برای خۆم مەسعود بارزانى نارد‌و وتم، دەمانەوێت ناوەندێک لەوێ بکەینەوە وەک پەیەدە، تائێستا وەڵامی نەداوینەتەوە ئه‌وه 10 ساڵە.
له‌و داوایه‌مدا بۆ بارزانى پێم وت، خەڵکەکەمان دێنه باشور بۆ میوانداریی، به‌ڵام لەسنوره‌كان ئێوه ڕێگه‌یان پێناده‌ن، ئەمەش شتێکی دوژمنانەیە، سێماڵکا لەنێوان ئێمەو باشوردا هەیە، بۆچی دەبێت لەماوەی هه‌فته‌یه‌كدا 3 ڕۆژ بکرێتەوە، بۆ هەمیشە نه‌کرێتەوە، بۆ گەلەکەمان ئازادانه هاتوچۆ نه‌كه‌ن.
شارپرێس: هەڵوێستی یەکێتی بەرامبەر ڕۆژئاوا چییە؟
موسلیم: تائێستا پێگەیان ئەرێنییە، بێگومان ئێمە ڕێزیان لێده‌گرین، بەڵام یه‌كێتى ئەوکارەی كردویه‌تى ڕه‌نگه زۆر له‌ئاستى هیوامان نه‌بێت، ڕه‌نگه ئێمه زیاترمان له‌یه‌كێتى بوێت.
شاپرێس: ئێستا لەپێگەی هێزە کوردییەکانەوە دەچینە پێگەی هێزە هەرێمی‌و جیهانییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لەم چوارچێوەیەدا هەڵوێستی ڕوسیا‌و ئێران بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان چۆنە؟
موسلیم: ڕوسیا هێزێکی نێودەوڵەتیە، بەرژەوەندی خۆی هەیەو بەپێی پلان‌و خۆی هەڵسوکەوت دەکات، بەڵام ڕوسیا کورد وەک ئامرازێک دەبینێت، هەرچەندە کورد لەگەڵی گفتوگۆ دەکات‌و ڕوسیاش دەڵێت، هەموو ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕاستن‌و دەڵێت بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا گەورەترەو لەسەر ئەم بنەمایەش پێمان دەدات‌و دەیگرێتەوە، لەساڵی 2012وە لەوکاتەوەی ڕوو لەمۆسکۆ دەکەین‌و دێین داوامان لەڕوسیا کردووە کە لەنێوان ئێمەو دیمەشقدا نێوەندگیریی بکات بۆ ئەوەی پێکەوەمان کۆبکاتەوە، بەڵام دەڵێت دیمەشق قبوڵیناکات، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەو نایەوێت هیچ بکات‌و دەیەوێت کورد لەدەستی خۆی بمێنێته‌وه‌و هەرکاتێک بتوانێت بەکاری بهێنێت، ئێرانیش ئاشکرایە کە ئێران یەکێکە لەو چوار دەوڵەتەی کە کوردستانی داگیرکردوەو لەسەر ئەم بنەمایەش دەڕوانێتە ڕۆژئاوای کوردستان، تائێستا نزیکبوونەوەی ئێران لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک ڕژێمێک بیری لێکراوەتەوە، ڕەنگە پەیوەندیەکە لەسەرەتای ساڵی 2012-2013دا بوبێت، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە ئێمە دورین، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران نییە.
شارپرێس: ئەوەی ئێستا تێگەیشتوم ئەوەیە کە هیچ پەیوەندیەک لەنێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری‌و ئێران‌دا نییە؟
موسلیم: نەخێر، هیچ پەیوەندیەکمان نییە.
شارپرێس: پەیوەندییەکانی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ ڕوسیا، سەربازیی، ئابوری یان سیاسی یان لەچ ئاستێکدایە؟
موسلیم: زۆربەیان پەیوەندیی سەربازین‌و هەندێکجار کۆبونەوە له‌گه‌ڵ ئەنجومەنی سوریای دیموکراتى دەکات، ئه‌وه‌ش بۆ تەواوی سوریایە نەک تەنها بۆ کورد.
شارپرێس: ئایا پەیوەندی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هەیە یان نا؟
موسلیم: بێگومان ئێمە دەمانەوێت سوریا بگەڕێتەوە بۆ کۆماری عەرەبی، شاندەکەمان لە ناوشاندەکەی ته‌نسیق جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە، سوریا بگەڕێتەوە بۆ کۆماری عەرەبی، ئێمە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی عەرەبی‌و زیاتر لەحکومەت‌و پەیوەندیی لەگەڵ گەلی عەرەب بەستراتیژی دەبینین، ئێمە دەمانەوێت ئەم ڕۆڵە بکەین‌و پردێك بین، له‌ڕاستیدا پەیوەندیى باشمان لەگەڵ میسردا، بەڵام هێشتا لەو ئاستەنییه كه ئێمه دەمانەوێت.
ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ئیمارات هەیە، بەڵام نەک لەو ئاستەی دەمانەوێت‌و هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەب هەیە، بەڵام هەمیشە لاوازییەکە لەلایەن دەوڵەتە عەرەبیەکانەوە هەیە، کێشەی ڕەگەزپەرستی هێشتا ڕۆڵی هەیە دەوڵەتی عەرەبی دەتوانێت کاریگەری لەسەر سوریا هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی، بەڵام بەداخەوە تائێستا دەوڵەتە عەرەبییەکان ئەمەیان قبوڵ نەکردوەو سوریاش تائێستا ئەمەی قبوڵنەکردوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
شارپرێس: دوا پرسیاری ئێمە ئەوەیە چه‌ند زانیاریه‌ك باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، سعودیە کەمپی لەعەفرین دامەزراندووە بۆ توندڕه‌وه‌كانى لایه‌نگرى توركیا، تاچەند پشتگیریی لەبنەماڵەو ئەندامانی داعش دەکات، ئایا دەزانن یان نا؟
موسلیم: بەڵێ، ئاگادارین کە کەمپەکان بۆ دروستکراون، کاتێک هەمویان ڕێوشوێنیان داده‌نا هەتا عەفرینیان داگیرکرد، ئامانجیان ئەوەبوو کە گۆڕانکاریی دیمۆگرافی ئەنجامبدەن‌و کورد لەوێوە دەربکەن، ئەمەش به‌پله‌ى یه‌كه‌م پلانی تورکیایە، بەڵام ئەگەر بەسعودیە بوترێت، دەڵێت نەخێر، هیچ کەسێک نییە بەفەرمی، کوەیت هەمان شتی هەیە، بەڵام هەندێک کۆمەڵە هەن کە تائێستا خانوو دروستدەکەن، هەروەها ڕێکخراوە فەڵەستینیەکان لەعەفرین خانوو دروستدەکەن، بەڵام پارە کۆدەکەنەوەو دەیدەنە تورکیا بۆ ئەوەی هەمان ئەو ئاوەدانیانە لەناوچە کوردییەکاندا دروستبکەن، ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕى شه‌رم‌و بێ شه‌ره‌فی ئه‌و وڵاتانه نیشانده‌دات.
شارپرێس: لە کۆتایدا زۆر سوپاس
موسلیم: بەخێرهاتن.
ش.هـ