سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌

عیراق

26/09/2022‌ 6990 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌و و داواده‌كات، چوارشه‌ممه‌ له‌كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌ماندا ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت.


بەگوێرەی بەرنامەی کاری کۆبونەوەی په‌رله‌مانى عێراق كه‌ بڕیاره‌ ئه‌م چوارشەممەیه‌ كۆببێته‌وه‌، په‌رله‌مان دوو كارنامه‌ى هه‌یه‌ بۆ دانیشتنه‌كه‌ى.

ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، بڕگەی یەکەم: دەستلەکارکێشانەوەی محه‌مه‌د حەلبوسی سه‌رۆكى په‌رله‌مان لەپۆستەکەیی‌و دوەمیش: هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانى عێراق.

دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان لەکاتێکدایە، لەدوو ڕۆژی ڕابردودا هەوڵەکان بۆ پێکهێنان‌و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتتییەکی گەورەی نوێ چڕبونەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئایندەی عێراق‌و بەپێی زانیاریەکان سەرجەم هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و پارتی‌و یەکێتی‌و سونەکانیشى تێدا بەشداردەبێت‌و بابەتی دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی پێشهاتێکی نوێیە لەگۆڕەپانی سیاسی وڵاتدا.

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پۆستەکەی لەپشکی هێزە سونەکانی نێوهاوپەیمانی سیادە وەرگرتوە کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات‌و لەماوەی ڕابردودا لەگەڵ هەریەک لەپارتی‌و سەدریەکان هاوپەیمانییەتیەکیان پێکهێنا بۆ پێکهێنانی حکومەت‌و دوای نزیکەی 10 مانگ لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردن‌و بەکشانەوەی سەدریەکان هاوپەیمانێتییەکە هەڵوەشایەوە.

ش.هـ