قاوە بۆ توشبوانی شێرپەنجەی پڕۆستات بەسودە

تەندروستی

27/09/2022‌ 350 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی بۆی دەرکەوتوە کە پەیوەندیی هەیە لەنێوان ئەو جینۆتایپەی کە کافایینی قاوە بەخێرایی زیندەپاڵ (میتابۆلیزە) دەکات، لەگەڵ مانەوەی کەسانی توشبوو بەنەخۆشیی شێرپەنجەی پڕۆستات لەژیاندا.

جەستن گرێگ سەرۆکی توێژینەوەکە لەزانکۆی تەکساس ده‌ڵێت:"زیاتر خواردنەوەی قاوە پەیوەندی بەزیاتر مانەوە لەژیان لای توشبوانی شێرپەنجەی پرۆستاتەوە هەبوە لەو پیاوانەی کە جۆری جینۆتیپی CYP1A2 AAیان بوە".

هەروەک وتویەتی:"دەرفەتێک هەیە لەداهاتودا، بۆئەوەی ئەوە دیاریی بکرێت کە لەکاتی پێدانی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی پڕۆستات پەیرەوی لەچ جۆرە سیستەمێکی خۆراکیی بکرێت، بۆئەوەش پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر لەوبارەیەوە بکرێت".

لەئێستادا هیچ جۆرە ڕێنماییەکی دیاریکراو نییە بۆ پیاوانی کە توشی شێرپەنجەی پڕۆستات بون بەوەی پەیڕەوی لەچ جۆرە سیستەمێکی خۆراکیی بکەن.

لێکۆڵینەوەکە لەگۆڤاری ئەوروپی بۆ پزیشکی میزەڕۆدا بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا باس لەکاریگەرییەکانی قاوە لەڕوی جینییەوە لەسەر توشبونی ئەو جۆرە شێرپەنجەیە کراوە.

هەموو حاڵەتەکانی شێرپەنجەی پرۆستات پێویستیان بەنەشتەرگەریییان تیشک لێدان نییە، مەگەر هۆکاری بۆماوەیی هەبێت کە پێویست بکات بۆ ڕێگریکردن لەو مەترسییانەی ڕوبەڕوی نەخۆشەکە دەبێتەوە، بەڵام بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکە، هەندێک له‌مادە خۆراکییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لەسنوردارکردنی بڵاوبونەوەی گرێی پرۆستات لەهەندێک حاڵەتدا، لەوانەش قاوە.

و: ئاکۆ ئاڵی