بانکی نیشتیمانی ھەرێم دەکەوێتە کار

کوردستان

04/10/2022‌ 1182 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان رایدەگەیەنێت، دوای دەست بەکاربوونی بانکی نیشتیمانی لە ساڵی ئایندە دۆلار لە رێگەی ئەو بانکەوە دەخرێتە بازاڕ و کاریگەریشی لەسەر بازاڕی دراو دەبێت.
مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند: "ساڵی داھاتوو بانکی نیشتیمانی ھەرێم دەکەوێتە کار و کاریگەری لەسەر رەوشی بازاڕی ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە جگە لە رێکخستنەوەی کاری بانکی ئەو بانکە مافی پێدانی پێشینەکانی ھەیە و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە چەندین خزمەتگوزاری بانکی سوودمەند دەبن لەبەر ئەوەش دامەزراندنی بانکی نیشتیمانی کاریگەری زۆری ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان".
بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان وتیشی: رۆژانە لەلایەن بانکی نیشتیمانی ھەرێمی کوردستانەوە دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە، چونکە لە ئێستادا بانکی ناوەندی عێراق رۆژانە لە رێگەی کۆمپانیاکانی دراوەوە دۆلار دەخاتە بازاڕ و ئەگەر بانکی ھەرێم دەست بەکاربێت ئەو کارە لە رێگەی ھەرێمی کوردستانیشەوە دەکرێت".
مەولوود سابیر ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشێکی ئەو دۆلارەی رۆژانە دەخرێتە بازاڕ بانکی نیشتیمانی ئەنجامی دەدات و ئەو ھەنگاوەش کاریگەری لەسەر بازاڕی دراو لەھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە بەپێی سیستەمی بانکی رۆژانە دۆلار لە رێگەی چەند کۆمپانیایەک دەخرێتە بازاڕ و دابەش دەکرێت، ئەمەش یەکێکە لە ھەنگاوە ئەرێنیەکانی بانکی نیشتیمانی.

س.هـ