پێویستە پارتی کۆتایی بەم غەدرە بێنێت

مەلەفی تایبەت

16/10/2022‌ 1230 جار خوێندراوه‌ته‌وه

عوسمان گوڵپی

سەبارەت بە پارتیەکانی ناو حیزبەکانیتر (ئەم مادەیە بۆ پەیڕەوەکەی زیاد بکات) لە ئێستادا پارتی سەرقاڵی خۆسازدانە بۆ کۆنگرەی حیزبەکەی، لە کۆنگرەشدا هەموو شتێك شایەنی پێداچوونەوە و داڕشتنەوەیە کە یەکێك لەو پرسە گرنگانە پەیڕەوە، بۆیە هیوادارم پارتی بتوانێت لە دەستکاری کردنی پەیڕەوەکەیدا مادەیەك زیاد بکرێت بەم شێوەیە (هەموو ئەوانەی کار بۆ پارتی دەکەن و لە چوارچێوەی سیاسەتی پارتیدا هەنگاو هەڵدەگرن لە ناو حیزبەکانیتردا پۆستی باڵایان هەیە، مافی بەشداری لە کۆنگرەیان هەیە بەو ماف و ئەرکانەوە کە هەر کادیرێکیتری پارتی هەیەتی) تێبینی/ وەك تەنز مامەڵە لەگەڵ ئەم مادەیە بکەن! ئەم مادەیە وادەکات مافی هەموو ئەو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی و خاوەن پۆستانە پێشێل نەکرێت کە کار بۆ پارتی دەکەن لە ناو حیزبەکانی خۆیاندا، لە کاتێکدا زیاتر لە بەرپرسەکانیتری پارتی ئەمانە کار بۆ سەرخستنی پرۆژە و سیاسەتی پارتی دەکەن، نەك هەر ئەوە بەڵکو کادیرانی پارتی دەمێکە لە پشودان، بەهۆی ئەوەی پارتی زیاتر لەو پارتیانە سودی وەرگرتوە کە لە نێو حیزبەکانیتری دەسەلات و ئۆپۆزسیۆندان. لە دەساڵی ڕابردوودا پارتی زۆربەی کەروێشکەکانی بە پارتیەکانی ناو حیزبەکانیتر راوکردوە تۆ ماشای نێوخۆی حیزبە سیاسیەکانیتر بکە یەکیەتی خۆیان لە کاتی ناکۆکیەکاندا زۆر باش دانیان ناوە بەوەی چەندین بەرپرسیان هەیە نزیك لە پارتین و لە چوارچێوەی سیاسەتی پارتیدا کار دەکەن، ئەوە جگە لە نمونەکانی وەك فەرەیدون عەبدولقادر و ئەوان، تەنانەت یەکێك لە گرفتەکانی یەکیەتی لە کاتی پڕکردنەوەی پۆستەکانی لەگەڵ پارتی، ئەوەیە کە پارتی گوڵبژێریان دەکات کێی قبوڵە و کێی قبوڵ نیە، کەم نین ئەوانەی لە پۆستی باڵای یەکیەتین بەڵام لە عەلی عەونی پارتیترن. بۆ بەشێك لە حیزبەکانیتر پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون یان ئێستا زۆر پێویست بە نمونە ناکات و وردە کاری ناوێ، پارتی هێندە لە نێو ناوەندی بڕیاریاندابوە و هەیە، لە هیچ دۆخێکدا نەیانتوانیوە بگەنە خاڵێك بۆ پارتی ببێتە فشاری جدی و لاوازی، تەنانەت لەکاتی ناکۆکی زۆر توندو بەریەککەوتنی تەواوەتیشدا ئەو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی و زیاتریش! کە لەگەڵ پارتی بوون و پارتی دەستی پێیانەوەیە و دەعمیان دەکات، ڕێگربوون لەوەی هێزەکان هەنگاوێك هەڵگرن کە بە قازانجی خەڵك بێت بەتایبەت لە کاتی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکاندا لە بەشێکی هێزەکاندا خاڵێکی هاوبەش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە پارتی بوون ڕێژەیەکی جیاوازە لە نێویاندا، تەنانەت لە بەشێك لە کۆنگرە نێو خۆییەکانی خۆیان ئەو باڵ و ئاراستە و شەخسانەی نەیاری پارتین گورگان خواردوو دەکرێن، ئەوە جگە لە دەستوەردان لە کەسی یەکەمیاندا، جگە لەو نمونانەی لە ئاستی بالای حکومی بوون و لەسەر حیزبەکانیان پۆستیان وەرگرت و دواتر بوونە پارتیەکی عەیار٢٤ بۆیە پێموایە پارتی غەدرێکی گەورە دەکات لەو هەموو ئەندام (مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی خانە و ئەنجومەن) و پەرلەمانتارانەی کە لە نێوحیزبەکانیتردان و کار بۆ پارتی دەکەن، ئەو غەدرەی پێویستی بەڕاگرتنە ئەوەیە کە لە نێو پەیڕەودا مافەکانیان جێی بکرێتەوە و بۆ کۆنگرەکانی داهاتوو بتوانن بەشداری کۆنگرەی پارتی بکەن، لە کاتێکدا ئەوان ئەرکەکانی خۆیان زۆر باش جێبەجێکردوە، هەرچەند ئەوە ئەوە ناگەیەنیت کە پارتی هیچی بۆ نەکردون، بەڵکو ئەویش تاڕادەیەکی باش دەستکراوەبوە لەگەڵیان بە جۆرێك کە لە کۆنگرەکانی حیزبەکانی خۆیاندا چاوی لێیانە!؟، دەعمی مادیان دەکات بۆ ئەوەی بەهێزبن و بتوانن خەڵك لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە، لە کاتی کابینەکاندا هەوڵی تەواو دەدات هەر لە سەر حیسابی حیزبەکانی خۆیان لە بیانکاتە جێگر! یان وەزیر یان دواتر ڕاوێژکار و زۆر پۆستیتری باڵاتر، گەر چاویان لە بوون بە کەسی یەکەمی حیزب بێت ئەوا پشتیوانیان دەکات، ئەوە جگە لە ئۆتۆمبێل و شوێنی نیشتەجێبون و شتیتریش، ئەمانە پێیاندەوترێت(پارتی بەدەستی دوو) بەم دێڕە کۆتایی پێ دێنم کە لە ٧/٨/٢٠١٧ زۆر بە کورتی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان نوسیم( پارتی تاکە حیزبی دنیایە، کە لە حیزبەکانیتریش ئەندامی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی و بەرپرسی باڵای هەی.