هه‌واڵێكى گرنگ له‌باره‌ى موچه‌ى پێشمه‌رگه‌و خانه‌نشینى ناوخۆوه‌

کوردستان

30/10/2022‌ 5665 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش له‌په‌رله‌مانى كوردستان زانیارییه‌كى گرنگ له‌باره‌ى زیادکردنی موچەی هێزه‌كانى پێشمەرگەو خانەنشینی هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ ئاشكراده‌كات.


حیکمەت محەمەد ئەندامی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش‌و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لەپەرلەمانی کوردستان ئاشكرایكرد، کار بۆ ئەوە دەکەن موچەی خانەنشینانی هێزەکانی ناوخۆ زیادبکرێت‌و موچەی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ش به‌هه‌مانشێوه‌ زیادبكرێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باس له‌وه‌شده‌كات، "دوای چەندین سەردان‌و کۆبونەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم، پێشنیازمان بۆ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ کردوه‌ کە پڕۆژەیاسایەک ئامادەبکات بۆ خانەنشینکردنی هێزەکانی ناوخۆ".

ئه‌وه‌شى وت:"هێزەکانی ناوخۆ کە خانەشیندەکرێن موچەکانیان زۆرکەمە، هەربۆیە بەجدی لەئاستی وەزارەتی ناوخۆو ئەنجومەنی وەزیران کاری لەسەردەکرێت، ئەگەر بابەتی کەمی داهات نەبوایە، دەمێک بوو پڕۆژەیاساکە دەهاتە پەرلەمان‌و پەسەنددەکرا، بەڵام زۆر گەشبینم کە لەم وەرزەدا پڕۆژەکە تەواوبێت‌و کاری پێویستی لەسەردەکرێت".

سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژه‌یه‌ى له‌باره‌ى موچه‌ى خانه‌نشینى هێزه‌كانى ناوخۆ باسى لێكراوه‌، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ دەڵێت، "موچەی خانەنشینانی هێزەکانی ناوخۆ پاش پەسەندکردنی پڕۆژەکە، دەگاتە نزیکەی 70%ى كۆى موچه‌و ده‌رماڵه‌كه‌یان".

له‌باره‌ى زیادکردنی موچەی پێشمەرگەش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "موچەی پێشمەرگە زۆرکەمە، کاری جدی دەکەین کە کەمترین موچەی پێشمەرگە نزیکبێتەوە لەملیۆنێک دینار".

ش.هـ