دوو کتێبی فەلسەفی د. ساماڵ مانیی لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە

کوردستان

07/11/2022‌ 319 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئەو دووکتیبە هەر یەکەیەیان بەشێکن لە دوو پرۆژە نووسینی فەلسەفی نوێ، پرۆژە نووسین لەسەر فەیلەسووفی ڕادیکاڵی سەدەی رابووردوو (کواین) لەگەڵ پرۆژە نووسینی 'سەرزەمینی مانا' کە سەبارەت بە فەلسەفەی زمان و مانایە.

د. ساماڵ مانیی خۆی لە پێشەکی کتێبەکانیدا، دەڵێت "ئەمساڵ دوو پرۆژە نووسینم پێکەوە دەکەونە کتێبخانەکانی کوردستانەوە، پرۆژە نووسینێک لەسەر 'کواین'، فەیلەسوفە ڕادیکاڵەکەی ناوەڕاستی سەدەی بیست بە کتێبی 'تێگەیشتن؛ کواین' دەستی پێکرد، لەگەڵ پرۆژە نووسینێکم لە فەلسەفەی زمان و مانا دا، ئەمیان بە کتێبی 'سەرزەمینی مانا' دەستی پێکردووە.
دەشڵێت "هەردوو ئەو کتێبانەش پێکەوە بڵاودەکرێنەوە لە هەفتەکانی سەرەتای١١ ی ٢٠٢٢ دا و لە پێشانگاکەی کتێب لە مانگی ١١ ی ئەمساڵدا بەشدارن.

ساماڵ مانی رایگەیاند "کتێبەکانی تری ئەو دوو پرۆژە نووسینە فەلسەفیە نوێیەم، بەر لە کۆتایی ئەمساڵ بڵاودەکرێنەوە.

بەوتەی د. ساماڵ، 'پرۆژەی نووسین' بریتی نیە لە نووسینی کتێبێک لەسەر بابەتێک یان فەیلەسوفێک پرۆژەی نووسین، بریتیە لە چەند کتیبێکی جیا و سەربەخۆ، بەڵام بە ئاراستەیەک کە ئاراستەی ئەو پرۆژە نووسینە دەگەیەنێت، ئەو کتێبانەی لە پرۆژە نووسینێکدا دەنووسرێن دەبێت بە جیا و سەربەخۆ مەبەست بگەیەنن نەک بەشێک بن لە کتێبێکی دوورودرێژ کە دابەش کرابن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کتێبانەی یەک پرۆژەی نووسینن دەبێت پێکەوە یەک ئاڕاستە وەرگرن لە پرۆژەکەدا.

پرۆژە نووسین دەکرێت لە بەشێکی فەلسەفەدا بێت ،یان سەرنج خستنە سەر گۆشەی جیاواز بێت لە پرسێکی فەلسەفەدا، یا دەرخستنی گۆشە جیاکانی تێڕوانینی فەیلەسوفێک بێت، هتد. ئەمە ڕاستە بۆ بوارەکانیتریش.

راشیگەیانووە " هەر چوار پرۆژە نووسینە فەلسەفیەکانم، مەبەست لێیان دروستکردنی چەند پایەیەکی تایبەتی فەلسەفی بوون لەناو هزراندنی فەلسەفی بەزمانی کوردی، سەرچاوەیەکی گرنگن لە تێگەیشتن لە فەلسەفە، تایبەت و ئاراستەکراوون بۆ تێگەیشتن و توێژینەوە و فەلسەفە خوڵقاندن لە زمانی کوردی دا.