شارپرێس
بریكاری وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، ئەو کارمەندانەی کەرتی تەندروستی کە لە سەردەمی کۆرۆنا خزمەتیان کردووە، دەکرێن بە گرێبەست و ساڵانە گرێبەستەکانیان نوێ دەکرێتەوە.
د. رەھێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بە بە میدیای یەكێتی ڕاگەیاند، ٥٠٠ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان کە لە سەردەمی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا خزمەتیان کردووە، لە ماوەی رابردوودا گرێبەستەکانیان شەش مانگ جارێک تازە دەکرایەوە و ئێستا تەواو بووە.
بریکاری وەزارەتی تەندروستی وتیشی: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە گرێبەستەکانیان بۆ تازە بکرێتەوە و بۆ لەمەودوا گرێبەستەکانیان دەکرێت بە ساڵانە، واتە ھەموو ساڵێک بەپێی پێویستی نەخۆشخانەکان تازە دەکرێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، وەزارەتی تەندروستی نوسراوی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کردووە بۆ ئەوەی ناو و شوێنی کارکردنیان بنێرن و رێکارە کارگێرییەکانیان بۆ تەواو بکرێت.
لەماوەی چەندڕۆژی ڕابردوودا، كارمەدانی تەندروستی، كە لەسەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنادا گرێبەستیان بۆ كرا و لە نەخۆشخانەكاندا خزمەتیانكرد، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، كە حكومەت ئیشی پێیان نەماوە و گرێبەستەكانیان نوێ ناكاتەوە و داوای دامەزراندنیانكرد.