لێدوانی بەرپرسێکی حکومیی تورکیا ئیخوانەکان دەترسێنێت

جیهان

24/11/2022‌ 896 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای تەوقەکردنی هەردوو سەرۆکی تورکیا و میسر لەمیانی ڕێورەسمەکانی کردنەوەی مۆندیالی قەتەر و راگەیاندنی سەرەتای پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، جۆرێک لە ترس و نیگەرانیی لەنێو ریزەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین و ئەندامەکانیان لە تورکیا بڵاوبۆتەوە، بەتایبەت کە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا گەورە بەرپرسانی تورکیا لێدوانی ئەرێنیان بەرانبەر بە میسر و هەڵکشانی ئاستی پەیوەندییەکانیانداوە.

لەوچوارچێوەیەدا، سەردار چام، بریکاری وەزیری ڕۆشنبیریی و گەشتوگوزاری تورکیا لەڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەرڕایگەیاندووە: پێشهاتە سیاسییەکانی جیهان و بەرژەوەندیی وڵاتان ئەوەیە کە گۆڕانکاری لە هەڵوێستەکانیاندا بکەن.
هەروەک وتویەتی: ئه‌وه‌ى لە ساڵی ٢٠١٣ لە میسرڕوویدا شۆکێکی گەورەبوو بۆ ئێمە وەک تورک، بەڵام سیاسەتی وڵاتان تەنها بە هەست و سۆز بەڕێوەناچێت، ئەزموون دۆخی جیاوازی میسر و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە جیهانداڕوویانداوە دەستکاریکردنی هەنگاوەکان پێویست دەکەن، وەک ئەوەی دوێنێ ڕەوا بوو ڕەنگە ئەمڕۆڕەوا نەبێت، بزووتنەوەی ئیخوانیش بەهۆی دووبەرەکییەوە پێگەی خۆی لەدەستداوە و لەلایەن گروپە توندڕەوەکانیش دزەیان کردۆتەوە ناوییەوە.
ئەوەشی وتووە: هۆکاری زۆر هەیە پاساوی ئەو پەیوەندییە باشەمان لەگەڵ میسردا دەهێنێتەوە، وەک نزیکایەتیی مێژووییمان لەگەڵ ١٠٠ ملیۆن مسیریی و ئەو راستییەی لە پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەر بەردەوام بوون.
ئەو بەرپرسە تورکە ئاماژەی بەوەکردووە کە بەلەبەرچاوگرتنی ئەمە، ڕێبەرانی ئیخوان موسلیمین بەشێوەیەکی فەرمیی بڕیاریانداوە هەموو جۆرە رەخنەیەک کە کاریگەریی لەسەر نزیکبوونەوەی گریمانکراوی نێوان ئەنکەرە و قاهیرە هەبێت رابگرن، ئەمەش بەئامانجی ئەوەی سەرکردایەتیی تورکیا بەرانبەر بە میسرییەکان رووگیر نەبێت و هەوڵەکانی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان لەبار نەچێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی