سەردانەکەی سودانی بۆ ئوردون پەیوەندیی بە "دزی سەدە"ەوە هەبووە

عیراق

24/11/2022‌ 821 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، باقر کازم ئەندامی پەرلەمانی عێراق گرنگترین تەوەرەکانی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ شا عەبدوڵڵا بن ئەلحسێن شای ئوردون ئاشکرا کرد و دەڵێت " پەیوەندیی بە "دزی سەدە"ەوە هەبووە ".

کازم ڕایگەیاندووە "سودانی لەگەڵ شای ئوردون گفتوگۆی لەبارەی چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی کردووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە عێراقەوە بە قاچاخ براوەتە ئوردون، کە پەیوەندی بە دۆسێی "دزیی سەدەوە هەبووە".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: "سەرۆکوەزیران باسی لە چۆنیەتی ڕادەستکردنەوەی ئەو هەڵاتووانەش کردووە کە لە ئوردونن دوای ئەوەی ناویان لە مەلەفی دزیی سەدەدا هاتبوو."

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆنتڕۆڵکردنی گەندەڵی حکومەتی پێشوو کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە هەوڵی زۆر هەیە بەهۆی شارەزایی ئەو کەسانە لە بردنی پارەکەدا".

عەدنان ئەلزورفی پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت "پێشتر عەلی عەللاوی وەزیری پێشووی دارایی درکی بەو دۆخە کردووە و نوسراوێکی دەرکردووە ڕێگری لە بانکی ڕافیدەین کردووە پارەی باج بگوازێتەوە، بەڵام شاراوەتەوە و لەلایەن نووسینگەی کازمییەوە و نەگەیشتووەتە دەسەڵاتی جێبەجێکار بۆ رێگریی لر بردنی پارەکە".