جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق زانیارییه‌كى گرنگ له‌باره‌ى پشكى هه‌رێم له‌بودجه‌ى عێراق ئاشكراده‌كات

کوردستان

17/12/2022‌ 11521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایده‌كات، هه‌ولێرو به‌غدا لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە ڕێککەوتون، ده‌شڵێت:"ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقیش بۆ ساڵی داهاتوو، بەگوێره‌ى ڕێککەوتنی هه‌ولێرو بەغدا دەبێت‌و بەشێکی باشی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە".


شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، لەگفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێم‌و بەغدا هەنگاوی باش نراوە‌و ئه‌وانیش لەبارەی وردەکارییەکان لەگەڵ شاندەکە کۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌.

ده‌شڵێت:"کۆبونەوەکان زۆرباشبون‌و بناغەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم‌و بەغداش ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەیە کە حکومەتی لەسەر پێکهێندراوە، چونکە ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەت هەبوو لەناو پەرلەمانیش دەنگی لەسەردرا، بۆیە حکومەتی تازەی عێراق دەتوانێ بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی عێراق، هەموو بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکات، چونکە پەرلەمان شەرعیەتی پێداوە".

جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ له‌پشكى پارتیه‌ به‌میدیاى فه‌رمى حزبه‌كه‌ى ڕاگه‌یاندوه‌، "سەرۆکوەزیرانی عێراق کاتێک نوسراوه‌كه‌ى واژۆکرد بۆ ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێم باسی لەوەکرد، ئەو بڕیارەی داویەتی پەرلەمان شەرعیەتی پێداوە، چونکە بڕینی 200 ملیار دیناری هەرێمی کوردستان بەبڕیارێکی سیاسی بوو".

سه‌باره‌ت به‌دۆسێیه‌ى نه‌وتیش له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌ڵێت:"لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە ڕێککەوتن کراوە، بۆ ئەوەی چارەسەربکرێت‌و لەگفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێم‌و وەزیری نەوتی عێراقیش، ڕێککەوتنی سیاسی کراوەتە بناغە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

باس له‌وه‌شده‌كات، "ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو، بەگوێره‌ى ڕێککەوتنی هەرێم‌و بەغدا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەشێکی باشی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە".

ش.هـ