ڕونكردنه‌وه‌یه‌كى به‌په‌له‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى موچه‌وه‌

کوردستان

26/01/2023‌ 8131 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەت هەرێم لەبارەی کاریگەری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەسەر دابەشکردنی موچەى فه‌رمانبه‌ران ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "حکومەت هەموو توانای خۆى دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆران دابینبکات".


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، "بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی نادەستورى‌و نایاساییەو دادگای فیدراڵی نادەستورییەو ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدراڵی بڕیاربدات‌و ئەم بڕیارەشى نەک تەنها دژی هەرێم، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق‌و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتیشە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم‌و بەغدا جوتیار عادل دەڵێت:"بەم بڕیارە نایاساییە لەکاتێکدایە کە هەردوو حكومەتى ناوەندیى‌و هەرێم، لەكەشێكی ئەرێنیدا كۆمەڵێك لێكتێگەیشتنیان بۆ دروست ببوو بۆ چارەسەرى چەندین پرسى هەڵپەسێردراوى نێوانیان".

ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک حكومەتی هەرێم بەردەوامدەبن لەگفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق‌و دەشبێت هەردولایان پابەندبن لەئەرک‌و بەرپرسیاریەتییەکانیان.

لەسەر کاریگەریى ئەم بڕیارەى دادگاى فیدراڵى لەسەر موچەی هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، جوتیارعادل، دڵنیاییدایە خەڵکى کوردستان کە ئەوان لەگەڵ ئەوەى زیاتر لە 14 مانگە تەنیا دوجار 200 ملیار دینارەكەی ناوەندیان بەدەستگەیشتوە، کەچى بەردەوام موچەیان دابەشكردوە، ئێستاش حکومەت هەموو توانای خۆى دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەى لەڕوی داراییەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بکات.

ش.هـ