شارپرێس:
بریکارەکانی کۆمپانیای JACی چینی ڕایانگەیاندووە کە کۆمپانیاکە دەست دەکات بە پێشکەشکردنی ئۆتۆمبێلی نوێیT8 Pro لە چەند بازاڕێکی نێودەوڵەتیی، بۆ ئەوەی ڕکابەری ئۆتۆمبێلەکانی پیک ئاپ لە کۆمپانیای تۆیۆتا و نیسان بکات.
ئۆتۆمبێلیJAC T8 Pro دیمەنێکی هەیە کە هێز و مۆدێرنیتەی لەیەک کاتدا کۆکردۆتەوە، هەروەک بۆدییەکی تۆکمە بە درێژی 5 مەتر و 32 سانتیمەتری هەیە، ئەوە جگە لەوەی بەشی ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە بەدوو ڕیز کورسی چەرمیی ئارام ئامادە کراوە کە دەتوانێت 5 سەرنشین لەخۆبگرێت.
ئۆتۆمبێلەکە لایتەکانی بە نوێترین تەکنەلۆژیایLED کاردەکات، ویلەکانی پان و قەبارەی 18 ئینجن، و سیستەمی هەڵپەساردنی نایاب کە وا دەکات بتوانێت بە ئاسانی لە ڕێگا سەختەکاندا تێپەڕێت، هەروەک بەشی گواستنەوەی دواوەی کە دەتوانرێت 900 کیلۆگرام بار هەڵبگرێت.
لە ناوەوە ئۆتۆمبێلەکە کابینەیەکی کەشخە و مۆدێرن و هاوچەرخی هەیە، ڕووکاری لێخوڕینیش شاشەیەکی تاچ 10,4 ئینجیی تێدایە کە دەتوانرێت لەگەڵ مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکاندا كاری پێ بکرێت، هەروەک سوكان و کورسیییەكانی بە سیستەمی گەرمکەرەوە ئامادەکراون، و کابینەکەش بە سیستەمێکی ساردی و گەرمیی نایاب ئامادە کراوە.
ئۆتۆمبێلەکە دوو جۆر بزوێنەری هەیە، بزوێنەرێکی 2.4 لیتری تۆربۆچارج بەهێزی 204 ئەسپ، و بزوێنەرێکی 2.0 لیتری تۆربۆچارج بەهێزی 139 ئەسپ، و ئەم بزوێنەرانە لەگەڵ گێڕبۆکسی دەستی و ئۆتۆماتیکی کاردەکەن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
