بافڵ تاڵه‌بانى له‌باره‌ى مووچه‌و هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ چى به‌نورى مالیكى وت؟

کوردستان

20/09/2023‌ 3143 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بافڵ تاڵه‌بانى له‌به‌غدا سه‌ردانى نورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاساى كردو ڕایگه‌یاند، پێویسته‌ كێشه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌كێشه‌ سیاسیه‌كان دوربخرێته‌وه‌و له‌باره‌ى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌شه‌وه‌ ڕایگه‌یاندوه‌ پێویسته‌ خه‌مى هه‌ڵه‌بجه‌ خه‌مى هه‌مووان بیچت و داوایكردوه‌ لایه‌نه‌سیاسیه‌كان به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌یسى هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ن.

بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتى ڕایگه‌یاندوه‌،له‌به‌غدا چاوى به‌نورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانيى ده‌وڵه‌تى یاسا كه‌وتوه‌و لەدیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان، هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور بەشێوەیەک کە مافی هەموو لایەک پارێزراوبێت.
ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، لەدرێژەی دیدارەکەدا هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت ئیدانەکرا و داواکرا حکومەتی عیراق ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی رابپەڕێنێت، سنوور بۆ پێشێلکارییەکان دابنێت و هیچ پاساوێک بۆ بەزاندنی ئاسمان و خاکی وڵات نەمێنێت.
هه‌رله‌دیداره‌كه‌دا،  بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە مووچە و قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد و رایگەیاند، دەبێت چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لەکێشە سیاسییەکان کاری لەپێشینەی هەموومان بێت و چیتر هاوڵاتییانمان لەدڵەڕاوێکدا نەمێننەوە. لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەشەوە تاڵه‌بانى وتویه‌تى، هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان شایەنی هەموو رێز و وەفادارییەکن، بەپارێزگابوونیشی دەبێت خەمی هەمووان بێت و داواکاره‌ هەموولایەنەکان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکەن.