مەلا بەختیار و گەڕانەوە بۆ ناو بەرەی چەپ

مەلەفی تایبەت

07/06/2024‌ 1394 جار خوێندراوه‌ته‌وه

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی کۆمەڵە، چەپ، چەپی نوێی دیموکراسی
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
 لەماوەی پێشوودا کتێبی " کۆمەڵە، چەپ، چەپی نوێی دیموکراسیم" خوێندەوە، کە لەلایەن ناوەندی چاودێرەوە چاپکراوە، کتێبێکی قەبارە مام ناوەندی  420 لاپەڕەیە،  کتێبەکە دیدارێکی درێژ و قوڵە لەگەڵ مەلا بەختیار سازکراوە، تێیدا کۆمەڵێک پرسی مێژوویی بەتایبەتی مێژووی کۆمەڵە و یەکێتی، هەروەها فیکری چەپ و کێشەکانی بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و جیهاندا باسکراوە. ئەم کتێبەش لەچاو کتێبەکانی تری مەلا بەخیتیاردا، جیاوازیی ریشەیی هەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە فیکری چەپ و کۆمۆنیستی هەیە، چونکە لەم کتێبەیدا زیاتر جەخت لەسەر ئەو پرسانە دەکاتەوە. هەروەها بە چاوێكی ڕەخنەگرانەشەوە سەیری مێژووی خەبات و تێکۆشانی زۆرێک لە سەرکردەکانی یەکێتیی و کۆمەڵە دەکات.
دیارە مەلا بەختیار  یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی کۆمەڵە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەهەمووشیان زیاتر هۆگری بە فیکری چەپەوە هەبووە، ساڵانێکیش زۆرترین چەپی کوردستان لە دەوری ئەو کۆبۆتەوە، بەتایبەتی  لەگەڵ دروستبوونی ئاڵای شۆڕشدا. لەهەمانکاتیشدا مەلا بەختیار چ لەڕووی فیکریی و سیاسی و سەربازیشەوە لەهەموو سەرکردەکانی تری کۆمەڵە دیار بووە. رۆڵی هەبووە لە دروستکردنی کۆمیتەی هەرێمەکان، کە کۆمەڵە  و یەکێتی لە داڕمان ڕزگار کرد. ئەو هاوڕێیەکی زۆر نزیکی کاک ئارام بووە، کە یەکەمین سەرکردەی چەپی کورد بووە لە کوردستانی عیراق و ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە پێشخستنی بیری چەپ لە هەرێمی کوردستاندا. هەربۆیە کە باسی مێژووی فیکری چەپ لە کوردستانی عیراقدا بکەین، ناتوانین باس لە مەلا بەختیار نەکەین.

ناوەڕۆکی کتێبەکە
لەم کتێبەدا مەلا بەختیار باسی زۆر شتی کردووە، بەتایبەتی دووبارە هەوڵیداوە باسی مێژووی کۆمەڵە  و یەکێتی بکاتەوە هەرچەندە لە کتێبەکانی تریشدا باسیکردووە، بەڵام لەمەیاندا باسی کۆمەڵێک شتی کردووە کە پێشتر باسی نەکردووە، هەروەها رەخنەشی لە هەندێک سەرکردە گرتووە کە پێشتر ڕەخنەی لێنەگرتووەن لەپێش هەموویانەوە مام جەلال.

ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن
یەکێک لە پڕەنسیبەکانی فیکر و بزووتنەوەی چەپ ، گرنگیدانە بە چەمکی ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن، لەم کتێبەشدا مەلا بەختیار هەوڵیداوە کەمێک گرنگی بەم چەمکە بدات، بۆیەکەمجارە بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری خەبات و تێکۆشانی کۆمیتەی هەرێمەکان، کۆمەڵەی مارکسیی لینینی، ئاڵای شۆڕش، بەرەی کوردستانی دەکات. هەروەها بۆ یەکەمجاریش ڕەخنە لە فیکر و سیاسەتی کاک ئارام  و مام جەلال دەگرێت، کە ئەمەش شتێکی نوێیە لە کتێبەکانی تری ڕەخنەی زۆر لە سەرکردەکانی تری یەکێتی گرتووە، بەڵام هیچ کاتێک بەچاوێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری خەبات و فیکر و سیاسەتی مام جەلال نەکردووە. لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مەلا بەختیار سنوورێکی زۆر لە یەکێتی دوورکەوتۆتەوە. لەلایەکی ترەوە پێی وایە کە بەرەی کوردستانی خەریکی دزین و تاڵانی بوون، خۆشحاڵیشە کە ئاڵای شۆڕش بەشداری بەرەی کوردستانی نەکردووە. لەڕاستیشدا هەر وابووە، بەڵام پێشترا مەلا بەختیاری باسی ئەمەی نەکردووە.
لەبارەی فیکرو بزووتنەوەی چەپیشەوە، بە درێژی باسی کێشەکانی ئەمڕۆی فیکر و بزووتنەوەی چەپی لە کوردستان و جیهان کردووە. بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیربچێت ئەوە تەنها بزووتنەوەی چەپ نییە کە ئەمڕۆ چ لە کوردستان و جیهاندا لە  قەیراندایە، بەڵکو فیکری لیبڕاڵیزم و سۆشیال دیموکرات و دیموکراتخوازەکانیش، هەموویان لەکێشەی قووڵدان، ئەمەش بە قسەی من نا بەڵکو بە قسەی بیرمەند و فەیلەسووفەکانی جیهان، بۆ نموونە فرانسیس فۆکۆیاما، کە با باوکی فیکری لیبڕاڵیزمی نوێ دادەنرێت، ئەو خۆی ئیعتراف دەکات کە ئەمڕۆ لیبڕاڵیزم لە قەیرانێکی گەورەدایە.

گەڕانەوە بۆ ناو بەرەی چەپ
من زۆر ناچمە سەر پرسە مێژووییەکان چونکە نووسەر لە کتێبەکانی تریشدا باسی مێژووی کۆمەڵە  و یەکێتی کردووە، بەداخەوە لەم کتێبەشدا زۆر بابەت لەجیاتی جارێک، دەیانجار دووبارە دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە، قسەکردنی مەلا بەختیارە لەبارەی فیکری چەپ و کێشەکانی لە کوردستان و جیهاندا، بۆ من ئەمە شتێکی نوێ بوو، چونکە مەلا بەختیار لەپاش گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی کەمتر قسەی لەسەر بیری چەپ کردووە، ئەو هەمیشە وەکو سەرکردەیەکی یەکێتی دەرکەوتووەو لەریزی پێشەوەش بووە کە لە رووی ئیعلامیی و نووسینەوە دژایەتیی نەیارانی یەکێتیی بکات بەتایبەتی  لەگەڵ "پارتی، ئیسلامی، کۆمۆنیست،گۆڕان"
 بە بڕوای من ئەم کتێبە ئیعلانی دووبارە گەڕانەوەی مەلابەختیارە بۆ ناو بەرەی چەپ لە کوردستانی عیراق، وەکو پێشتریش وتم کە مەلابەختیار ساڵانێکی زۆر لەم بەرەیەدا خەبات و تێکۆشانی کردووە، بە بڕوای من ئەمەش گەورەترین گۆڕانکاریی فیکرییە کە لە مەلا بەختیاردا روویدابێت. ئەو پێشتر کاتێک کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو، زیاتر لەبەرەی ڕاستی یەکێتی نزیک بوو، زیاتریش لە ئەهلی بازرگان و سەرمایەدار نزیک بوو، سپۆنسەری کارەکانیان دەکرد، لەدیدارێکیشدا پێش چەندساڵێک ستایشی ئەوەی کردبوو کە گوایە لە سلێمانی 4 هەزار ملیۆنێر هەیە، ئەمەشی وەکو خاڵێکی پۆزتیف بۆ شاری سلێمانی دانابوو، هەرچەندە بوونی ژمارەی زۆری ملیۆنێر، مانای باشی ڕەوشی ئابووریی نییە، بەڵکو  مانای بوونی نایەکسانی چینایەتی دەگەیەنێت.
بەڵام لەم کتێبەدا وەکو کەسێک کە خاوەنی ئەزموونێکی درێژە لە خەباتی چەپدا، باس لە کێشە و گرفتەکان دەکات، هەروەها داوای دروستبوونی بزووتنەوەیەکی چەپی نوێی دیموکراسی دەکات. بە بڕوای من  ئەم کتێبە وەکو دەستپێک و سەرەتایەکە بۆ قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی مەلا بەختیار.

بەپەلە