شەڕ لەنێوان گرووپە توندڕەوەكانی توركیا لە عەفرین لەسەر موڵك و ماڵی كورد روویدا و ئەنقەرە دەستوەردانی كرد

ڕاپۆرت

05/06/2024‌ 865 جار خوێندراوه‌ته‌وه


گرووپە چەكدارەكانی توركیا لە عەفرین لەسەر دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی كورد تادێت زیاتر ململانێكانیان چڕدەبێتەوە  و كێبڕكێی یەكدی دەكەن.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی ئەلعەرەبی لەندەنی، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان دوو گرووپی چەكدار روویدا ‌و بە كۆنترۆڵكردنەوەی ژمارەیەك خاڵی پشكنین كۆتایی هات و لە هەردوولا زیانی گیانی كەوتەوە.

ئەمە یەكەمجار نییە كە ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان گرووپە چەكدارەكان لە ناوچەكە ڕووبدات، كە لەدوای لەشكركێشی توركیا نزیكەی شەش ساڵ لەمەوبەر ناوچەكەیان داگیركردووە.

 توركیا لە ساڵی ٢٠١٨ ئۆپەراسیۆنی “لقی زەیتون”ی لە دژی شاری عەفرین دەستپێكرد، بە پاڵپشتی ژمارەیەك گرووپی توندڕەوی سووری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هاووڵاتییانی كوردیان لەناوچەكانیان دوورخستووەتەوە و دەستیان بەسەر ماڵ و موڵكیاندا گرتووە.

سەرچاوە خۆجێییەكان بۆ ماڵپەڕی تیڤی سووریا دەڵێن كە سەرەتا ڕووبەڕووبوونەوەكان لە ناو شاری عەفرین لە نێوان گرووپی توندڕۆی “حەمزە” و گرووپی ئەحرار شەرقییە روویداوە. بەهۆی ناكۆكییەكەوە كە دەگوترێت بەهۆی پارچە زەوییەك و كەرەستەی ناو دوكانەكانی كوردەوە بوون.

هەردوولا بە چەكی قورس و دۆشكەی مامناوەند و گوللە هاوەن و گوللەی ئاڕ پی جی روبەڕووی یەكدی بوونەوە، زیانی گیانی لە نێوان هەردوولادا  هەیە و ئەندامانی یەكتریشیان دەستگیركردووە.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی تەلەفزیۆنی سووریا، بازنەی ڕووبەڕووبوونەوەكانی نێوان هەردوولا دواتر فراوانتر بووە و شاری جندیرێس و دەوروبەری  باشووری عەفرینی گرتووەتەوە و چەند گرووپی دیكەی توندڕەویش چوونە ناو شەڕەكەوە.

سەرچاوەكان باسیان لەوە كرد كە سەرۆكی  گرووپی حەمزە عەلی محەمەد حوسێن بە سەختی بریندار بووە. 

چاودێران پێیان وایە دووبارەبوونەوەی پێكدادانەكان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەركردایەتییەكی تۆكمەی سەربازی، هەروەها هەوڵەكانی هەر گرووپێك بۆ سەپاندنی كۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر زەوی و سامانی كورددا.

چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن كە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەكان نیگەرانی بۆ توركیا دروستكردووە، كە بە خێرایی لە ڕێگەی هەواڵگری خۆیەوە دەستوەردانی كرد بۆ ڕاگرتنی پێكدادانەكانی ئەم دواییە. ئەنقەرە ترسی ئەوەی هەیە هەندێك لایەن گرژییەكانی ئێستا بقۆزنەوە بۆ چوونە ناو ناوچەكە، ئەمەش مەترسی لەسەر نفوزی ئەو وڵاتە لە باكووری سوریا دروستدەكات.