نزیکەی چوار ترلیۆن دینار لە پشکی هەرێم لە بودجەی ئەمساڵی عێراق کەمدەکات

ڕاپۆرت

04/06/2024‌ 1175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوای پەسەندکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2024 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، وادیارە هەواڵی دڵخۆشکەر بۆ هەرێمی کوردستان نییە، هەرچەندە وتەبێژی حکومەتی هەرێم و بەشێك لە بەرپرسانی دیکەی هەرێم بە گەشبینییەوە باس لەوە دەکەن کێشەی موچەی فەرمانبەران بەرەو چارەسەرکردن دەچێت.

هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم دڵیان بە بودجەی ساڵی 2024ی عێراق خۆشە، بەڵام هێشتا موچەی مانگی چواری تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە نەهاتووە، فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت، پرسیارم كرد لە بەرپرسانی باڵا لە بەغدا و ئەوان وتیان: تا ئێستا هیچ بڕیارێك نیە بۆ ناردنی موچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان.

بودجەى عێراق بۆ 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینارى بەراورد بە ساڵى 2023 زیاتر بووە. لەو بڕە پارەیە 20.9 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە، کە 11 ترلیۆن و 500 ملیار دینارى بۆ مووچەیە، واتا عێراق ئەو چوار موچەیەی ئەمساڵ بۆ هەرێمی ناردووە، لە کۆی ئەو 11 ترلیۆنەی دادەشکێنێت، بەوەش ئەوەی لە یاسای بودجەی ئەمساڵ بۆ هەرێمی کوردستان لە بابەتی مووچە ماوەتەوە حەوت ترلیۆن و 640 ملیار دینارە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس، پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەی یەکلایی کردەوە کە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندن بۆ هیچ چین و توێژێک بۆ هەرێم ناکرێ، ئەوەی بۆ موچە دانراوە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیە، ئەویش پەیوەستە بەڕادەست کردنی داهاتی ناوخۆ و تەوتین، سەربارەت بە داهاتی ناوخۆ بەغدا داوای تەواوی داهاتی ناوخۆی هەرێم دەکات و دواتر خۆی 50%ی داهاتەکەی بۆ دەگەڕێنێتەوە، هاوکات لە پرسی بەجێکردنی مووچە، دەبێت بانکە فیدراڵییەکان بەو کارە هەستن، بەڵام تا ئێستا جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەستی پێ نەکردووە.

بەغدا لە خشتەی بودجەکاندا مانگانە 965 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان گەرەنتیکردووە، بەڵام ناردنی ئەو پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان تا ئێستا گەرەنتی نەکراوە،  بەڵام ئەوە خۆی لە خۆیدا گرفتی هەیە، بۆ نمونە لیستی موچەی مانگی چواری هەرێم کە بۆ بەغدا نێردراوە کۆی گشتییەکەی 970 ملیار دینارە، کەواتە هەر لە ڕێگەوە پێنج ملیار دینار کورتهێنان دروستبووە.

ئەوە جگە لەوەی ئەگەر بەغدا نەچێتە ژێر باری دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، ئەوا هەردوو بابەتەکە کەڵەکە دەبن و دەبێتە قورساییەکی گەورە بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی خشتەکانی بودجە دەڵێت، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌ند بێت به‌ به‌و خشتانه‌ی بودجه‌وه‌ كه‌ خۆی ناردویه‌تی بۆ په‌رله‌مان، بەڵام باسی ئەوەی نەکردووە کە ئاخۆ چ پابەندییەک لەسەر شانی حکومەتی هەرێمە.

ئێستا حکومەتی هەرێم چاوی لە بابەتێکی دیکەیە کە ئەویش ئەوەیە، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ده‌سه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ 200 ملیار دینار له‌ بودجه‌دا بگوازێته‌وه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌ی بەهۆی دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە لە هەرێم دروستدەبێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، بەغدا کە تا ئێستا هەموو مانگێک بەبێ گرفت مووچەی بۆ هەرێم نەناردووە، ئایا ئامادەیە پاشکۆی موچە بنێرێت؟