مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی زانكۆی سلێمانی درێژە بە بایكۆت دەدەن

کوردستان

10/11/2023‌ 502 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ئەنجوومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانیی رایگەیاند، درێژە بەبایكۆت و ناڕەزایەتییەكان دەدەن.

ئەنجوومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانیی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "سبەینێ شەممە، ١١/ ١١/ ٢٠٢٣، كاتژمێر ١٠ ی سەرلەبەیانی لە بەردەم پرسگەی راپەڕینی كەمپی نوێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا، سەرلەنوێ بایكۆتی دەوام و هۆڵەكانی خوێندن نوێ دەكەینەوە و بەردەوامیی بە ناڕەزایەتییەكانمان دەدەین".  

رونیشیكردەوە "لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، هەوڵێكی چڕ لە ئارادا بوو بۆ كۆتاییپێهێنانی بایكۆت و ناڕەزایەتییەكان، بەڵام تاوەكو ئەمڕۆ شكستیان هێناوە. ئەوانەی بە مەبەستی تایبەت ئەم هەوڵەیان ئەدا وەك مشەخۆر Parasite وان و بەهەر نرخێك بێت ئەیانەوێت بارودۆخەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە و ئەوەی درووستیان كردوە بەو شێوەیە بیهێڵنەوە كە وەك خۆیان مەبەستیانە و ئەیانەوێت. چونكە مشەخۆر بە ئاكار و رەفتار لە بار و دۆخی ناجێگیردا باش گەشە ئەكات. گرووپێكی تر، كە دەنگە ناڕازییەكانن، ئەیانەوێت دەستكاریی زیاد لە رەهەندێكی ئەم دونیایە بكەن ‌و گۆڕان بەسەر ئەم دۆخەدا بهێنن، كە سەپێنراوە و سەرچاوەی كێشە پەروەردەیی، ئابووریی، كۆمەڵاتیی و سیاسییەكانن. هەتا گەیشتووەتە ئەوەی بارودۆخەكە بە شێوەیەكە نەك تەنها خوێندن و پەروەردە بەڵكو هەموو سێكتەرەكان بە تەواوەتیی لە لێواری داڕماندان".

ئاماژە بەوەش دەكات "لە كەشێكی لەم شێوەیەدا، نەك تەنها بەردەوامیی چالاكییە مەدەنییەكان كارە درووستەكەیە، بەڵكو ئەبێت فراوانتریش بكرێن. ئێمە لەگەڵ چین و توێژەكانی تردا لە پەیوەندیی و هاریكارییكردنی بەردەوامداین بەو هیوایەی یەكەم هەنگاوی چارەسەركردنی ریشەیی قەیرانە كەڵەكەبووەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێبكەین".